ھەر قوتابییەک بچێتە بەشە یاساییەکان دەبێت لە وانە زمانەوانییەکان نمرەی لە 70 کەمتر نەبێت
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە سەرپەرشتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبوویەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 6/6/2017 ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە سەرپەرشتی د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا، لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی دیوانی وەزارەت کۆبوویەوە و چەند بڕیارێکیان دەرکرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار لەبارەی وەرگرتنی قوتابیان لە بەشەکانی یاسا درا، مەرجی نمرە لە وانە زمانەوانییەکان دانرا، پێویستە قوتابی نمرەی وانەکانی زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی ٧٠ کەمتر نەبێت.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی وەزارەتدا، گفتوگۆ لەبارەی پێشنیازێکی بۆردی خوێندنی یاسا لە زانکۆکانی کوردستان کرا، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران کورتەیەکی لەسەر پێکھاتە و کارەکانی بۆردەکە پێشکەش کرد، گوتیشی: "ئەندامانی بۆردەکە سەردانی ئاڵمانیایان کرد، لە گەڕانەوەیاندا چەند پێشنیازیکیان ھێناوەتەوە، بۆیە کوردی، ئینگلیزی و عەرەبی ڕێژەی (٧٠%) دیاری بکرێ، چونکە سیستمی خوێندنی لە بەشەکانی یاسا تا ئیستا زۆری بەعەرەبیبە لەھەمان کاتدا بەرەو کوردبوونیش دەڕوا، جگە لەوەش زمانی ئینگلزی زمانێکی جیھانییە".
لە کۆتایدا ئەنجومەنی وەزارەت، ئەم بڕیارەیان پەسەند کرد و لە ساڵی ٢٠١٨-٢٠١٩ەش دەچێـتە بواری جێبەجێ بکرێ.
bas news-
