وەزیری پێشووی بەرگری فینلاندا بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان کاتەکە بە گونجاو دەزانێـت
تاریا کانتۆلا، جێگری وەزیری پێشووی دەرەوەی فینلاندا و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆشیال دیموکراتیی ئەو وڵاتە، لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد کۆبوویەوە و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان راگەیاند.
سالار مەحموود، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،راگەیاند: "لەگەڵ تاریا کانتۆلا، وەزیری پێشووی بەرگری فینلاندا، لەناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی ناوچەکە و ھەنگاوەکانی ھەرێمی کوردستان لەدژایەتیکردنی تیرۆر و ھاوکاری لەگەڵ کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی و بارودۆخی ئابووری ھەرێمی کوردستان و ھەنگاوەکان بەرەو سەربەخۆیی کوردستان کرا".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی روون کردەوە: "خۆشبەختانە ھەموو لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر ھەنگاونانی کرداری بەرەو سەربەخۆیی کۆکن، بەجۆرێک ببێتە مایەی یەکڕیزی نیشتمانی و لەسایەی دامەزراوە شەرعییەکانی کوردستان و بە بڕیاری بەکۆمەڵ بەرەو ئامانجە گەورەکە ھەنگاوبنێین".
سالار مەحموود، ئاماژەی بەوەش دا کە تاریا کانتۆلا، لای خۆیەوەی کاتی ئەنجام دانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بەگونجاو زانی و ڕایگەیاند، کاتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆی کوردستانە ئەم ھەنگاوەش بێ کاردانەوە نابێ لە ھەموو کاتێکدا، سەرباری ھەندێک مەترسی لەکاردانەوەی وڵاتانی ناوچەکە، گوتیشی: "تاریا کانتۆلای جەختی لەوە کردوەتەوە کە بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، ئێمە لەم پڕۆسەیەدا بەدڵنیاییەوە پشتیوانیتان لێدەکەین، چونکە سەربەخۆیی مافی خۆتانە، بێگومان ئەم ھەنگاوە پێویستی بەکۆدەنگی و ئامادەکاری زیاتر و جدی ھەیە بۆ ھەر ئەگەرێک بێتە پێشەوە".
bas news-
