نێچیرڤان بارزانی: هاتنی کۆمپانیای رۆسنەفت کاریگەری لەسەر بووژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان دەبێ
یەکێک لەو گرێبەستە گەورانەی کە هەرێمی کوردستان واژۆی کرد کە هاوشانی کۆمپانیاکانی دیکەی وەک ئێکسن مۆبیل و گازپرۆم و چەندانی دیکەبێ کە لە هەرێمی کوردستاندا وەبەرهێنان لەبواری نەوتدا دەکەن، کۆمپانیای رۆسنەفتی رووسیایی بوو، کە گرێبەستەکە دەنگدانەوەیەکی جیهانی بەدوای خۆی هێنا و بۆ بووژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان بە گرێبەستێکی کاریگەر وەسف کرا.
ئەم ئێوارەیە سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە پرێسکۆنفرانسێکدا رایگەیاند، کە ئەم گرێبەستە نەوتییە کاریگەری بەسەر بووژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان دەبێ.
(نێچیرڤان بارزانی)، رێککەوتنەکەی بۆ رۆژنامەنووسان روونکردەوە کە لە سێ بواردا کراوە، پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و ژێرخانی ئابووریی و وزە، هەروەها رۆسنەفت نەوتی کوردستان دەکڕێت و دەیگوازێتەوە بۆ پاڵاوتگەکانی ئەڵمانیا.
لەبارەی کەیسی داناغاز سەرۆکوەزیران بۆ رۆژنامەنووسان گوتی، دەزانین بابەتی داناغاز بەفیتی کێ کراوە و چۆن کراوە، هێشتا کەیسەکە یەکلانەبووەتەوە و بە ئەنجامەکەی گەشبینین کە کێشەکە چارە دەکەین.
لەبارەی سەردانی بەغدا (نێچیرڤان بارزانی) رایگەیاند، هێشتا وادەیەک دیارینەکراوە بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکەن، بەڵام ئامادەن بچنە بەغدا و ئەولەویەت بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە لەگەڵ حکومەتی عێراق رێکبکەوێ، بەڵام بێمتمانەییەکی زۆر هەیە.
لەبارەی قەیرانی دیپلۆماسی قەتەر و وڵاتانی کەنداو (نێچیرڤان بارزانی) گوتی: کێشەکانی کەنداو کاریگەرییان لەسەر کوردستان نابێت و هیوادارین بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارە بکەن.
لە تەواوی حکوومەتەکانی دنیادا و لە ئەتەکێتی ئابووری و بازرگانیدا حکوومەت بەبێگەڕانەوە بۆ حزب و لایەنە سیاسییەکان گرێبەستی بازرگانی دەکات، هەروەک کە سەرۆکوەزیرانی کوردستان روونیکردەوە کە ناکرێ حکوومەت بۆ حزبەکان بگەڕێتەوە و هەموو کەسێک تێبگەینێ کە گرێبەست دەکات چونکە حکوومەت یاسایی هەیە و بەگوێرەی یاساکانییەوە گرێبەست دەکات.
سەرۆکوەزیرانی کوردستان سەبارەت بە راگرتنی باڵانسی هەرێمی کوردستان لەنێوان واشنتن و مۆسکۆدا گوتی، ئەمە تەنیا گرێبەستێکی نەوتە و بوارێکی وەبەرهێنانە و هیچ کاریگەرێکی نەرێنی نابێ وەک ئەوەی کە گەورە کراوە پێشووتریش کۆمپانیای ئێسکن مۆبیل هاتە هەرێمی کوردستان و دواتریش گازپرۆم و ئێستایش رۆسنەفت دێ.
سەبارەت بە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا کە ئایا ئەو گرێبەستە کاریگەری لەسەر دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێ، سەرۆکوەزیرانی کوردستان گوتی کە لەو باوەڕەدانیم کاریگەری هەبێ.
پێوەست بە رەخنەی ئەو فراکسیۆن و لایەنە سیاسییانەی هەرێمی کوردستان لەو گرێبەستە، (نێچیرڤان بارزانی) رایگەیاند کە ئەو لایەنانە دەبێ خۆیان یەکلابکەنەوە کە لە نێوحکوومەتدان یان ئۆپۆزسیۆنن با رێگەیەک بۆ خۆیان هەڵبژێرن، گوتیشی کە ئەوانە بوونەتە حزبی فەیسبوک و ئێمەیش حکوومەتین و بە فەیسبووک کارناکەین.
kdp-
