وەیس نایف: حەشدی شەعبی و پەكەكە هەوڵی تێكدانی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەدەن

وەیس نایف: حەشدی شەعبی و پەكەكە هەوڵی تێكدانی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەدەن
سەرۆكی ئەنجومەنی شارۆچكەی شنگال ڕایگەیاند، حەشدی شەعبی و پەكەكە ڕێگری لە گەڕانەوەی خەڵك دەكەن و هەوڵی تێكدانی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ناوچەكەش دەدەن، كە لەو ناوچانە چەندین گۆڕی بەكۆمەڵ هەن، بۆیە باشترین چارە ئەوەیە کە ئەوان لەو ناوچانە نەمێنن و هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە جێگیر بكرێت و بەرگری لە خەڵكی ناوچەكە بكات.

(وەیس نایف)، سەرۆكی ئەنجومەنی شارۆچكەی شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''هاتنی حەشدی شەعبی بۆ هەندێك ناوچەی ئێزدینشین بووەتە كێشە بۆ خەڵكی ناوچەكە و لێناگەڕێن خەڵك بگەڕێتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و ڕێگری لە خەڵك دەكەن، لەگەڵ ئەوەش هەوڵی تێكدانی ناوچەكە دەدەن بۆ ئەوەی خەڵك نەگەڕێتەوە، ئەوەش لە بەرژەوەندیی خەڵکدا نییە، هاتنی ئەوان بۆ ناوچەكە پیلانێك بوو بۆ ئەوەی لە دوارۆژدا خەڵکی ناوچەکە تووشی كارەساتی دیكە ببنەوە.''

(وەیس نایف) گوتیشی: ''لە گوندی كۆچۆ و هەندێك ناوچەی دیكە چەندین گۆڕی بەكۆمەڵ هەن، پەكەكە و حەشدی شەعبی بوونەتە ڕێگر لە هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە، چونكە تا ئەوان لە ناوچەكەدا بن، ڕێكخراوەكان ئامادە نین سەردانی ناوچەكە بكەن، سەرباری ئەوەش هەوڵی تێكدانی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەدەن، بۆیە باشترین چارە بۆ ئەو ناوچانە چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە و نەمانی هێزەكانی وەك پەكەكە و حەشدی شەعبیە، چونكە ئەوانە هێزی بیانین هاتوونەتە ناوچەكە.''
kdp-
Top