سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی هیندستان دەكات
لە دیدارەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی هێندستان بۆ كاروباری ئابووری خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەردانی بۆ كوردستان نیشان دا و ویستی وڵاتەكەیشی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ڕێز و ستاییشی خۆیشی بۆ گەل و شارستانیەتی هیندستان نیشان دا و ڕۆشناییشی خستەسەر خەباتی گەل و گەورە پیاوانی هیندستان بۆ گەییشتن بە ئازادی. ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە بوارە جۆراوجۆرەكان لەگەڵ وڵاتی هیندستان ڕاگەیاند.
هەر لەم دیدارەدا بە دوورودرێژی باس لە هەڕەشەكانی هزری تیرۆر و توندڕۆیی لە سەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی كرا و بیروڕایش لەبارەی چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئاڵوگۆڕ كرا. لە تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی موسڵ و شەڕی تیرۆر لە عێراق تاوتوێ كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە بۆ نەهێشتنی یەكجارەكیی داعش پێویستە كە ئەو هۆكارانە نەهێڵدرێن كە بووەتە هۆی سەرهەڵدان و گەشەی تیرۆر لە عێراق، ئەوەیشی خستەڕوو كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویستی بە هەوڵێكی هەمەلایەنەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و دەبێ شەڕی ئایدیۆلۆژیای تیرۆریش بكرێت و تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و ئەمنی بۆ لەناوبردنی تیرۆر كافی نییە.
