روونکردنەوەی حکوومەت لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی کارکردن بە کارتی نیشتمانی
عەمید عەبدولڕەحمان ئیسماعیل روونیشی کردەوە، فەرمانگەکانی کارتی نیشتمانی رۆژ بەرۆژ زیاد دەکەن و پڕۆژەکەش گەورەتر و فراوانتر دەبێت، گوتیشی: ”ئێستا بە زۆرەملێ ئەو کارتە دەرناکرێت بۆ ئەوەی فشار لەسەر فەرمانگەکانمان دروست نەبێت و خەڵکیش ماندوو نەبێت، بەڵام دەگاتە قۆناخێک دەبێت ھەموو خەڵک ھەیبێت“.
کارتی نیشتمانی شوێنی ھەر چوار ناسنامە رەسمییەکە (باری شارستانی، رەگەزننامە، کارتی زانیاریی، فۆرمی خۆراک) دەگرێتەوە و ھەر ھاووڵاتییەک بەپێی کارتەکە کۆدی تایبەتی خۆی دەبێت. ھەر کەسێک لە سەرووی ١٢ ساڵییەوە بێت ئەوا کارتی نیشتمانیی بۆ دەردەکرێت.
بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە سنووری پارێزگای ھەولێر زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەس کارتی نیشتمانییان بۆ دەرکراوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە و رۆژانە بە سەدان کەس مامەڵەیان بەڕێ دەکرێت.
سەبارەت بەوەی کە ئێستا رەگەزنامە و ناسنامەی باری کەسی دەدرێتەوە ئەو کەسانەی کە کارتەکەیان بۆ دەردەکرێـت، ئەو زانیاریی زیاتری دا و گوتی: ”یاسایەک لە عێراقدا ھەیە کە دەڵێ نابێت بەڵگەنامەی فەرمی لەنێو ببرێت و بسووتێندرێت، بۆیە ئێستا ناسنامەی باری کەسی و رەگەزنامە دەدرێتەوە ھاووڵاتییان، بەڵام لایەکی لێ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی کار بە کارتی نیشتمانی بکرێت“.
کارتەکان لە بەغدا چاپ دەکرێن و سیستەمەکە ناوەندییە، بۆیە لە ماوەی ٢ ھەفتە کارتەکان دەگەڕێندرێنەوە بۆ کوردستان و دەدرێنەوە ھاووڵاتییان.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی رەگەزنامە و باری کەسیی ھەولێر جەختی کردەوە، لەسەر فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ، دامودەزگاکان کار بە کارتی نیشتمانی دەکەن و کێشەی تێدا نییە، گوتیشی: ”لە رێگەی ئۆنلاین ھاووڵاتی دەتوانێت لە ماڵەوە فۆڕمی کارتی نیشتمانی پڕ بکاتەوە و پارەشی ناوێت، پاشان ناسنامە و رەگەزنامە و کارتی زانیاریی دەوێت بۆ سەردانیکردنی فەرمانگەکانی کارتی نیشتمانی“.
لە خەسڵەتەکانی ئەو ناسنامەیە نوێیە، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ کاری پێ دەکرێت و زانیارییەکانی تایبەت بە موڵکداریی خانووبەرە و تۆماری مەدەنی و تۆماری تاوانکاری و موڵکداریی ئوتۆمبێل و زانیارییەکانی تر، لەخۆ دەگرێت.
مانگی ١١ ی ساڵی ٢٠١٥ وەزیری ناوخۆی عێراق رێککەوتنی ھەرێم و عێراقی لەسەر پرۆژەی کارتی نیشتمانی راگەیاند، لە مانگی ئاداری ساڵی رابردووشدا پڕۆسەی دەرھێنانی کارتی نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و یەکەم فەرمانگەی تایبەت بە دەرھێنانی ئەو کارتە لە ھەولێر کرایەوە.
بەگوێرەی پلانی حکوومەتی عێراق، دەبێت تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ سەرجەم ھاووڵاتییاتی عێراق کارتی نیشتمانییان بۆ دەربکرێت.
باسنيوز
