11 کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر دەکرێن

 11 کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر دەکرێن
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە 11 کەس بەھۆی سەرپێچیی جیاوازەوە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر کراون.

ئەمڕۆ سێشەممە 6/6/2017، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە ، تێیدا ھاتووە: "لەسەر دیاردەکانی ڕاوکردنی ماسی و بڕینی داری دارستانەکان، تەنیا لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 11 سەرپێچیکار دەستگیر کراون، بە شێوەیەک لە سنوورەکانی ماوەت ھەشت ھاووڵاتی، لە پێنجوێن دوو ھاووڵاتی و لە بەرزنجە یەک ھاووڵاتیی سەرپێچیکار دەستگیر کراون، پاشان ڕادەستی دادگا کراون بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھێما بۆ ئەوەش کراوە: "ھاوکات ھەر لە وماوە دیاریکراوەدا و لە سنووری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن، دوو حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە ڕوویان داوە، لەلایەن ئەفسەر و کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناڵپارێز کۆنترۆڵ کراون".

لەبارەی ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕوونی کردووەتەوە: "ھەرچەندە ھۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکان نەزانراون، بەلام لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان بەردەوامە، بەو ھۆکارەشەوە زیاتر لە 100 دۆنم لە پوش، پاوان و داری سروشتی سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە" .













باسنیوز
Top