قوتابییەکی دکتۆرا لە بەریتانیا: کوردستان لە بەریتانیا ئارامترە

 قوتابییەکی دکتۆرا لە بەریتانیا: کوردستان لە بەریتانیا ئارامترە
قوتابییەکی دکتۆرا لە زانکۆیەکی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات دۆخی ئەمنیی بەریتانیا جۆرێک لە شڵەژانی پێوە دیارە و پۆلیس لە چەند شارێک هۆشداری دەدات.

دوای کردەوە تیرۆریستییەکەی بەریتانیا جۆرێک لە ترس لەو وڵاتە بڵاو بووەتەوە، هێمن میرانی، کە لە شاری (لیستەر)ی بەریتانیا سەرقاڵی خوێندنی دکتۆرایە، لە لێدوانێکدا گوتی: "ئێستا کوردستان کە لەناو جەرگەی شەڕیش دایە، لە بەریتانیا ئارامترە. لە شارێکی وەکوو (لیستەر) چەقۆکێشی بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار و ڕاپۆرتەکانی پۆلیس ئاماژە دەکەن کە هەفتە نییە چەند تاوانێک لە ڕێی چەقۆکێشانەوە ئەنجام نەدرێت".

گوتیشی: "ئەمرۆ لە ڕادیۆی لیستەر پێشکەشکارێک دەیگوت هیچ گەڕەکێک نەماوە بە ڕێژەیەک تاوانی چەقۆی تێدا ئەنجام نەدرابێت. پۆلیس داوا دەکات لە شەو درەنگان لە چوونەوە بە تەنیا و ڕۆیشتن بۆ پارک و شوێنە تاریکەکان خۆپارێزی بکرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، لەڕووی تاوانی تیرۆریستییەوە، وڵات لە حاڵەتی ئامادەباشی دایە و پۆلیس دەڵێت مۆدێلی نوێی تاوانی تیرۆریستی لەڕێی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل بۆ نێو خەڵکی پیادە و کوشتنیان ئەرکی ئەوانی زەحمەت کردووە".

میرانی راشی گەیاند: "بەگشتی بەریتانیا بە قۆناغێکی هەستیار و کاتیدا تێپەر دەبێت کە خەریکە لە یەکێتیی ئەورووپا دێتە دەرەوە. بێگومان یەکێک لەو پرسانەی حکوومەت ئێستا قسەی لێ دەکات و لە کەمپەینی حزبی پارێزگاران بە زەقی هەیە، پرسی توندترکردنی سنوورەکانە، واتە بەگشتی پرسی پەنابەری لەو وڵاتەدا ئەستەمتر دەکرێت."













باسنیوز
Top