کۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەکانى عێراق داوایەک لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات
ئەمڕؤ سێشەممە 2017/6/6 هاوڕێ تۆفیق، بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانی عێراق لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: "سیستەمی تۆماری بایۆمەتریی هەڵبژاردن پێکهاتووە لە ناو تۆمارکردن بۆ هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان و بە شێوازى ئەلیکترۆنی و وەرگرتنی پەنجەمۆری دەنگدەران و تۆمارکردنی وێنەیەکی دەنگدەر."
گوتیشی:" تا ئێستا لە سنووری پارێزگاى سلێمانی و دەوروبەری زیاتر لە 500 هەزار هاووڵاتی ناویان تۆمار کردووە کە زیاتر لە 39% ی دەنگدەرانە و داوای لە هاووڵاتیان کردووە ناویان لە سیستمەکەدا تۆمار بکەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا مافى دەنگدانیان هەبێت".
لەبارەی تۆمارکردنى ناوى حیزبەکان هاوڕێ تۆفیق، ئاماژەى بەوەش کرد: "تا ئێستا هەریەک لە یەکێتی، یەکگرتوو، سۆسیالیست و شیوعی و ناوى خۆیان تۆمار کردووە و پێویستە حزبەکانی دیکەش ناویان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بەشداری بکەن، چونکە بەپێی یاسای حزبەکان دەبێت جارێکی دیکە ناوی خۆیان تۆمار بکەن و مۆڵەت وەربگرن".
باسنیوز
