کۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەکانى عێراق داوایەک لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات

کۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەکانى عێراق داوایەک لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات
بەرپرسی ئۆفیسى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە سلێمانی، داوا لە هاووڵاتیان دەکات ناوى خۆیان لە سیستەمى بایۆمەتریى هەڵبژاردن تۆمار بکەن و تا ئێستاش لە سنووری پارێزگای سلێمانی 39% ی هاووڵاتیان ناوی خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتریی هەڵبژاردندا تۆمار کردووە.



ئەمڕؤ سێشەممە 2017/6/6 هاوڕێ تۆفیق، بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانی عێراق لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: "سیستەمی تۆماری بایۆمەتریی هەڵبژاردن پێکهاتووە لە ناو تۆمارکردن بۆ هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان و بە شێوازى ئەلیکترۆنی و وەرگرتنی پەنجەمۆری دەنگدەران و تۆمارکردنی وێنەیەکی دەنگدەر."



گوتیشی:" تا ئێستا لە سنووری پارێزگاى سلێمانی و دەوروبەری زیاتر لە 500 هەزار هاووڵاتی ناویان تۆمار کردووە کە زیاتر لە 39% ی دەنگدەرانە و داوای لە هاووڵاتیان کردووە ناویان لە سیستمەکەدا تۆمار بکەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا مافى دەنگدانیان هەبێت".



لەبارەی تۆمارکردنى ناوى حیزبەکان هاوڕێ تۆفیق، ئاماژەى بەوەش کرد: "تا ئێستا هەریەک لە یەکێتی، یەکگرتوو، سۆسیالیست و شیوعی و ناوى خۆیان تۆمار کردووە و پێویستە حزبەکانی دیکەش ناویان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بەشداری بکەن، چونکە بەپێی یاسای حزبەکان دەبێت جارێکی دیکە ناوی خۆیان تۆمار بکەن و مۆڵەت وەربگرن".






باسنیوز
Top