پەرلەمانتارێکی ڕەوتی سەدر: کوردستان مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆی دیاری بکا

 پەرلەمانتارێکی ڕەوتی سەدر: کوردستان مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆی دیاری بکا
ماجیدە تەمیمی، ئەندامی فراکسیۆنی ئەحراری سەر بە ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، لە دیمانەیەکیدا پرسێکی گرنگ وەڵام دەداتەوە و رای دەگەیەنێت، کورد مافی خۆیەتی چارنووسی خۆی دیار بکات و سەبەرخۆیی خۆی رابگەیەنێت. راشی دەگەیەنێ کە سیاسەتی دارایی و بەڕێوەبردن لە عێراق فاشیلە، ئەمەش وای کردووە عێراق ١١١ ملیار دۆلار قەرزار بێت.



سەبارەت بە روانینیان بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، گوتی: ”بەپێی ئەوەی لە دەستووری عێراق پەسند کراوە، گەلی کورد مافی دیارکردنی چارەنووسی خۆی ھەیە، بۆیە لەگەڵ ئەوەدام گەلی کوردستان لە رێگەی ریفراندۆمەوە چارەنووسی خۆی دیاری بکات، ھەرێمی کوردستان بەپێی دستوور بەشێکە لە عێراق، بۆیە ئەو مافەی ھەیە لە بەندەکانی دەستوور سوودمەند بێت“.



روونیشی کردەوە، دەکرێت ھەولێر و بەغدا لەسەر ریفراندۆم و کێشەکانی تر رێک بکەون، گوتیشی: ”دەکرێت ھەرێم لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی رێک بکەوێت، ئەگەرچی لە دەستووردا ھاتووە کە کورد مافی دیارکردنی چارەنووسی خۆی ھەیە و کەس ناتوانێت ئاستەنگ بۆ پرسی ریفراندۆم و راپرسیی ھەرێمی کوردستان دروست بکات، ئەنجامی راپرسییەکەش ھەر چییەک بێت دەبێ رێزی لێ بگیرێت“.



تەمیمی جەختی کردەوە، کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا وایان کردووە کورد بیر لە جیابوونەوە لە عێراقدا بکاتەوە: "کێشەی زۆر لەنێوان ھەرێم و ناوەنددا ھەیە، دەکرێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بن، بەڵام باوەڕم وایە کورد ریفراندۆمی خۆی دەکات و ھیوای خێر و خۆشی بۆ گەلی کوردستان دەخوازم، گەلی کورد شایستەی ئەوەیە باشترین ژیانی ھەبێت".



ئەو پەرلەمانتارە داوا لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکات لە کاتی ھەر بڕیارێکی چارەنووسسازدا حیساب بۆ ھەموو ئەگەر و مەترسییەکانیش بکەن و خوێندنەوەی باشیان بۆ ھاوکێشەکانی ناوچەکە ھەبێت، گوتیشی: ”ئەوەی لە عێراق دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانە دوو بەشە، بەشێکی دوژمنایەتییە، بەشێکیشی لە خۆشەویستیەتی بۆ کوردستان، چونکە ئەگەر کوردستان جیا بێتەوە و سەربەخۆ بێت ئەوا وەکوو ئەوەیە عێراق دڵ و دەستی لێ بکرێتەوە، پێمان وایە کوردستان دڵ و سەری عێراقە، بۆیە جیابوونەوەی شکستێکی زۆر گەورەیە بۆ عێراق، بەڵام ئەوانەی ستەمیان لە کورد کرد و مافەکانیان دابین نەکردن، دەبێت تەحەمولی ئەو بەرپرسیارییەتییە بکەن“.



ئەو پێی وایە، پێشمەرگە لە شەڕی داعش پاڵەوانێتیی خۆی سەلماند، گوتیشی: ”پێشمەرگە پاڵەوانانە بەرەنگاری داعش بووەوە و توانی داعش تێک بشکێنێ، سەرمان بە پێشمەرگە بڵندە، ھەروەھا کوردستان باوەشی میھرەبانی بۆ دەیان ھەزار ئاوارەی ناوچەکانی تری عێراق کردەوە و سەلماندییان کە چەندە میھرەبانن“.



ئەو خانمە پەرلەمانتارە، کە ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیشە، دووپاتی دەکاتەوە کە لەگەڵ ئەوەدا نەبووە قووت و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ببڕدرێت و سزای سیاسی بدرێن، گوتیشی: ”سیاسەتی دارایی و بەڕێوەبردن لە عێراق سیاسەتێکی فاشیلە، لەگەڵ ئەو ھەموو داھات و نەوتەی ھەیەتی، کەچی ١١١ ملیار دۆلار قەرزارە“.



ماجیدە تەمیمی لە کۆتاییی قسەکانیدا نھێنییەکی ئاشکرا کرد و گوتی: ”با ئەو نھێنییەتان پێ بڵێم، نیوەی من لە کوردە، چونکە دایکم کوردە و خەڵکی خانەقینە، بۆیە من کوردم و لە خوێنی کوردم و شانازی بە کوردستانەوە دەکەم“.





باسنيوز
Top