ھەولێر.. ئاسایش دەستگیرکردنی سێ باندی دزی راگەیاند
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسایشی رۆژھەڵاتی ھەولێر، دەستگیرکردنی سێ باندنی دزیکردنی راگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە 5/6/2017 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژھەڵاتی ھەولێر، لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، دەستگیرکردنی سێ باندی دزیکردنی راگەیاندووە و ئەوەشی خستوەتەڕوو: "لە درێژەی کار و چالاکییەکانی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ھەولێر، دەستگیرکردنی ٣ باندی دزیکردن ڕادەگەیەنین".
لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشدا، ئاماژە بەوەش دراوە: "باندی یەکەم پێکـھاتووە لە پێنج کەس کە گرووپێکی زۆر مەترسیدار بوون دەستیان ھەبووە لە دزینی ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتیاندا،
ئەو باندە ھەستاون بە دزینی ٧ ئۆتۆمبێل کە پێنجیان لە جۆری توێتا مەرزیە بووە، دوو ئۆتۆمبێلیشیان لە جۆری کیای بارھەڵگر بووە، پاشان ھەستاون بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکان لە شاری سۆران بە ھاوکاری باندێکی تر کە ٢ کەسیش لەو باندە لە شاری بەغدا دەستگیرکراون، گەڕان و بەدواداچوون بەردەوامە بۆ دەستگیر کردنی ئەندامانی تری باندەکە".
ئاسایشی رۆژھەڵاتی ھەولێر، ئەوەشی ئاشکرا کردووە: "باندی دووەم، لە سێ پێکھاتوونە، بە ڕەگەز بیانین کە ھەستاون بە گەڕان و پێشکنین بە دوای شوێنەواری مێژوویدا و لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە، بە مادەی ٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی سزا دراون، باندی سێیەمیش، لە سێ کەس پێکھاتوون، کەلوپەلی ناو باخ (مەزرعە)ی ھاووڵاتیان دزیوە، بە مادەی ٤٤٣ لە یاسای سزادانی عێراقی، پەڕاوەکەیان حەواڵەی نوسینگەی نەھێشتنی تاوان کراوە".
bas news-
