عەرەفات کەرەم: بە نووسراوی فەرمیش بەغدا لە ڕیفراندۆم ئاگادار دەکرێتەوە

عەرەفات کەرەم: بە نووسراوی فەرمیش بەغدا لە ڕیفراندۆم ئاگادار دەکرێتەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باس لەوە دەکات، کە هێشتا بە شێوەیەکی فەرمیی و بە نووسراو پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ بەغدا باس نەکراوە، بەڵام لە داهاتوودا ئەو پرسە دەبرێتە بەردەم بەغدا و دەڵێت، لەو کاتەوەی باسی ڕیفراندۆم هاتووەتە ئاراوە، ئاراستەیەکی ئاوێتەی فیتنە لە عێراقدا سەری هەڵداوە.

(عەرەفات کەرەم)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دەبێ حزبەکان لە نێو کوردستان کۆببنەوە و نووسراوێکی فەرمی دەربارەی کات و شوێنی ڕیفراندۆم ئاراستەی حکوومەتی عێراق بکەن، چونکە ئەوەی پێیان گوتراوە، تەنیا لەسەر ئاستی شاندەکان بووە، ئەگەر ئەوە نەکرێت پرۆسەکە تووشی ئاستەنگ دەبێت. بۆیە بە نووسراوی فەرمیش بەغدا لە ڕیفراندۆم ئاگادار دەکرێتەوە و دەبێ حزبەکان لەسەر سیغەیەکی دیاریکراو ڕێک بکەون و بەغداش ئاگادار بکەنەوە، لە کاتێکدا هیچ یەکێک لە دەسەڵاتدارانی عێراق نایەوێت بە شێوەی ڕاستەوخۆ بڵێت لەگەڵ ڕیفراندۆمە، بەڵام هەندێک لایەن ڕێگریش ناکەن و ئەم پرسە لە دواکۆبوونەوەی شاندی کاک (مەسروور بارزانی) و (عەبادی)دا باس کراوە، کە لە داهاتوودا کوردستان چی دەوێت.''

(عەرەفات کەرەم) گوتی: ''ئاراستەیەکی تائیفەگەریی ئاوێتەی فیتنە هەیە و دەیەوێت پێکهاتەکانی عێراق بەگژ یەکتردا بکات، بۆیە لەو کاتەوەی پرسی ڕیفراندۆم باس کراوە، ئەو ئاراستەیە لە عێراقدا سەری هەڵداوە و یەکەم هەنگاویشیان دروستکردنی گرفت یان نانەوەی فیتنەیە لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا.''

(عەرەفات کەرەم) گوتیشی: ''لە داهاتوویەکی نیزیکدا لەسەر ئەو پرسەش لەگەڵ بەغدا قسە دەکرێت.''
kdp-
Top