"پەکەکە دەیان گوندی لە سنووری قەڵادزێ و پشدەر بەرە و وێرانکردن بردووە"
(نەجات حەسەن)، بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری قەلادزێ و ڕاپەرین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پەکەکە لە سنووری ئێمە بە ئازادی و بە ئۆتۆمبێل دێن و دەچن و، ناوچەیەکیان داگیر کردووە، کە 42 گوندی کەوتووەتە سنووری ئێمەوە، وەکو ناوچەکانی (سەرشیو، مەرەدۆ، قەڵاتوکان، لێوژە و...هتد) و جموجووڵی تێدا دەکەن و، دەیان گوند بە هۆی پەکەکەوە دەرفەتی ئاوەدانکردنەوەیان نییە، هەندێکیان بە هۆی بەردەوامیی جووڵەی پەکەکەوە بەرەو وێرانبون دەچن، لە کاتێکدا لە ڕانیەوە بۆ سنووری کۆیە، لەوێشەوە بۆ ناحیەی تەقتەق و سنووری پارێزگای کەرکووک، هێزەکانی پەکەکە جموجووڵیان هەیە و لە هەندێک شوێن بازگەیان داناوە.''
(نەجات حەسەن) گوتیشی: ''ئەگەر پەکەکە بۆی بچێتە سەر، دێتە ناو شارەوە و هەندێک جار هاتوونەتە ناو شاریشەوە، کە ئەمە مەترسی لەسەر داهاتوو و ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات، چونکە لە هەر شوینێک بۆیان بکرێت هێزی چەکداری خۆیان بڵاو دەکەنەوە و ئیستاش گوێ بە حکوومەت و ئیدارە و هێزە ئەمنییەکان نادەن.''
kdp-
