وەزارەتی تەندروستی مەترسی سەرھەڵدانی نەخۆشی کولێرای راگەیاند
ئەمڕۆ دووشەممە 5/6/2017 وەزارەتی تەندروستی، لە روونکردنەوەیەکدا ، تێدا ھاتووە: "بەھۆی تۆمارکردنی چەند حاڵەتێک نەخۆشی کۆلێڕا لە خوارووی عێڕاق و زۆر خراپبوونی بارودۆخی تەندروستی لە پارێزگای مووسڵ و بەردەوام ھاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە، مەترسی سەرھەڵدانی نەخۆشی کۆلێڕا لەھەرێمی کوردستاندا ھەیە".
دەقی روونکردنەوەکە:
ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی تەندروستییەوە
ھاووڵاتیانی خۆشەویست..
بەھۆی تۆمارکردنی چەند حاڵەتێک نەخۆشی کۆلێرا لە خوارووی عێڕاق و زۆر خراپبوونی بارودۆخی تەندروستی لە پارێزگای مووسڵ و بەردەوام ھاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە، مەترسی سەرھەڵدانی نەخۆشی کۆلێرا لەھەرێمی کوردستاندا ھەیە.
وێڕای گرتنەبەری ڕێوشوێن و پێشگیرییە پێویستەکان، ئامادەباشی لە دەزگا تەندروستی، نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان بۆ دڵنیابوون لە پاکڕاگرتنی ھەرێمی کوردستان لەم پەتایە، پێشگیری و خێرا کۆنتڕۆڵکردنی لە کاتی سەرھەڵدانی، ھەروەھا ھەماھەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تر، بۆ ڕێگری لە سەرھەڵدانی نەخۆشییەکە .
داواکارین لەھاووڵاتیانی خۆشەویست، پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان و کەسوکار و ھاونیشتمانیانمان:
1. بایەخدان بە پاکوخاوێنی کەسی وەک دەست شووشتن بە ئاو و سابوون، پێش ئامادەکردنی خواردن، پێش نان خواردن و دوای دەرچوون لە ئاودەست.
2. دڵنیابە لە پاکی ئەو ئاوەی بەکاری دەھێنیت ، ئەگەر نا بۆ خواردن و خواردنەوە بەکاری مەھێنە.
3. ئاگاداری پاکژی خواردن و خواردنەوکەتبە .
4. دڵنیابە لە جوان شووشتنەوەی سەوزە و میووە، پێش خواردنیان.
5.دوور کەوە لە خواردن و خواردنەوەکانی سەر شوستە و عەرەبانەکان.
6.ئەو سەوزانەی بەئاوی زێراب ئاو دراون، بەسەرپێجیکردنی ڕێنماییەکان، ئەوانە سەرچاوەی نەخۆشییەکەن بەکاریان مەھێنە
7. ئەو خواردنەوە و شیرینیانەی لە ماڵان دروست دەکرێن و دەفرۆشرێن، پاکژ نین و بەکاریان مەھێنە.
تیمەکانی چاودێری تەندروستی لە سەرجەم شار وشارۆچکەکان ڕاسپێردراون بۆ جاودێریکردنی ووردی شوێنە گشتییەکان و نەھێشتنی سەرپێچیەکان، چاودێری بەردەوامی سەرچاوەکانی ئاو و زیادکردنی ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی و چاودێری تەندروستی لە کامپی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی
۲۰۱۷/٦/٥
باسنیوز
