مەسرور بارزانی جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا پێشکەوتنە سەربازییەکانی شەڕی دژ بە داعشیان تاوتووێ کرد

 مەسرور بارزانی جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا پێشکەوتنە سەربازییەکانی شەڕی دژ بە داعشیان تاوتووێ کرد
ئەمڕۆ دووشەممە، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق، کۆبوویەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 5/6/2017 مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ تیم ستاپلتۆن، جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کۆبوویەوە و لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی پێشکەوتنە سەربازییەکانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و رەوشی سیاسی ناوچەکە بە گشتی و پەیوەندی دووقۆڵی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئوسترالیا کرا.

ھەروەھا باس لە بەشداری ئوسترالیا لەو شەڕە جیھانییەی دژ بە داعش و گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتری یارمەتیدان و پشتیوانیکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە کرا، مەسرور بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی ئوسترالیای کرد لە یارمەتیدانی ھەرێمی کوردستاندا.

جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق، پەیوەست بە رۆڵ و قوربانییەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش پێزانینی وڵاتەکەی بەرامبەر قوربانییەکانی پێشمەرگە نیشاندا و رایگەیاند: "ئازایەتی پێشمەرگە لە جیھان دەنگیداوەتەوە و ناکرێ لە شکاندنی داعشدا باس لە رۆڵی پێشمەرگە نەکرێ".

لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەی نێوان راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، کە پێویستە ھەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی بەشێوەیەک بێت، مافی ھەموو پێکھاتەکانی ناوچەکە بێنێتەدی تا متمانە و ئاشتەوایی جێگیر بێت و بۆشاییەک بۆ سەرھەڵدانی بیری توندڕۆیی و توندوتیژی نەمێنێتەوە و ناوچەکەش سەقامگیر بێت.













باسنيوز
Top