"زۆر پرسی گرنگ لە نێوان مەسرور بارزانی و عەبادی باس کراوە"

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات کە کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گرنگ بوو، چونکە زۆر پرسی گرنگ باس کراوە و بەشێکیان پەیوەندی بە بابەتی دوای ئازادکردنەوەی شاری مووسڵەوە ھەیە.

لەبارەی کۆبونەوەی دوێنێ یەکشەممە 4/6/2017ی نێوان مەسرور بارزانی و حەیدەر عەبادی، ئەمڕۆ دووشەممە، ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند: "لێدوانەکانی نووری مالیکی لەماوەی رابردوو، ھەمووی لەدژی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە، ئەو نەفەسەی تێدایە کە ھاندانی شەڕە لەنێوان حەشدی شەعبی و ھێزی پێشمەرگە، پێشووتر بە حکوومەتی عێراقمان گوت کە ئێمە دوو دەزگای ڕاگەیاندن نین، بەڵکو دوو حکوومەتین، دەبێت ئەو گرفتانە لە ڕێگای گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن، بۆیە ئەم سەردانە لەم چوار چێوەدایە".

ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ئەم ھەنگاوەی مەسرور بارزانی زۆر باشە، بەتایبەت دوای ھاتنەوەی لە ئەمریکا، پێموایە لە گفتوگۆکان باس لە ھەماھەنگیی شەڕی مووسڵ و پابەند بوون بەو ڕێککەوتنەی پێشووتر کە بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ کراوە، کرابێت، تەوەرەیەکی دیکەی گفتوگۆکان لەسەر ئەو سەردانەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا بووە، ئەم تەوەرەیە زۆر گرنگە، بۆیە لەگەڵ سەرۆک وەزیران باسیان کردووە، چونکە ئەو سەرۆکی ھێزە چەکدارەکانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی عێراقە، پێم وایە گرنگی ئەوەیە کە لایەنێک ھەیە ئەمەی پێی ناخۆشە و ناڕاستەخۆ ئامادەکاری بۆ دروستکردنی ناکۆکیی نەتەوەیی دەکات، بۆیە بە مەبەستی ڕێگەگرتن لەم هەوڵە، ئەم کۆبوونەوەیە کراوە“.

ڕۆژی یەکشەممە 4/ 6/ 2017، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی د. فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا لەگەڵ د.حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە.












باسنیوز
Top