سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ئوسامە نوجەیفی و شاندێکی یاوەری کرد

 سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ئوسامە نوجەیفی و شاندێکی یاوەری کرد
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەمینداری حزبی (للعراق متحدون) و شاندێکی یاوەری کرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە 5ـی 6ـی 2017 لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێكی باڵای حزبی (للعراق متحدون) كرد كە پێكهاتبوو لە ئوسامە نوجەیفی، ئەمینداری حزبەکە و جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی حزبی (للعراق متحدون).

لە دیدارەكەدا كە بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی سكرتێر و د. ڕۆژ نوری شاوێس و ئازاد بەرواری ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و شەڕی دژی تیرۆریستان لە موسڵ و قۆناغی دوای داعش ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر ئایندەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكان و مەترسیی نەمانی تەوافوق و شەراكەت و هەروەها ئەو تەحەدییاتەی كە لە قۆناغی داهاتوودا ڕووبەڕووی عێراق و ناوچەكە دەبنەوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوام لەمەڕ پێشهاتە سیاسییەكان.












باسنيوز
Top