بزووتنەوەی ئیسلامی داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی مەلاکەی حاجیاوا دەکا

 بزووتنەوەی ئیسلامی داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی مەلاکەی حاجیاوا دەکا
سەرچاوەیەک لەناو بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ئاشکرای کرد کە بزووتنەوەکە داوای ئاشکرا کردنی چارەنووسی مەلا سدیق عومەر، وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتێکی سنووری حاجیاوای لە لاهور تاڵەبانی و هێزی دژە تیرۆر کردووە.

بزووتنەوەی ئیسلامی داوای ڕوونکردنەوەی لە لاھور تاڵەبانی کردووە، لەبارەی ڕفاندنی مەلاکەی حاجیاوا کە ماوەی سێ مانگە ڕفێندراوە.

لەمبارەیەشەوە ئەحمەد وەرتی، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، لە لێدوانێکیدا ئەوەی نەشاردەوە کە: ”ھەوڵێک لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە ھەیە بۆ بەدواداچوون لەو بارەوە“. گوتیشی: ”دکتۆر شوان قەڵادزەییش بەشدار بووە لەو ھەوڵانە کە لەھەمان کاتدا سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامییە، پێشووتر باس لەوە کرا کە لەقەڵاچوالانە و لای دژە تیرۆرە، بەڵام دواتر دەنگوباسی نەماوە، ئێستاش رەخنەیەکی زۆر دەگیرێت کە دەبوو ئەو مامۆستایە لە رێگای بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف و ڕاپەرین بانگێشت بکرابایە یان لە رێگای دادگا و دادوەرە دەستگیر بکرابایە، چونکە ئەو جۆرە دەستگیرکردنە دەچێتە دەرەوەی یاسا و شێوەیەکی ناشارستانییانە دەبەخشێت".

بەپێویستیشی زانی کە چارەنووسی ئەو مەلایە یەکلایی بکرێتەوە و ڕای گەیاند: ”ھەر ھاووڵاتییەک لە کوردستان کاتێک بەشێوەی نایاسایی دەستگیر دەکرێت، دەبێت ھەموو لایەک لەسەری بێنە وەڵام، چونکە تائێستا چارەنووسی مەلا سدیق نادیارە و بەفەرمی ڕانەگەیەنراوە لە کوێیە؟“.

پێشتر ئەوە ئاشکرا کرا کە مەلا سدیق بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە تەقینەوەکەی بەردەم کونسوڵخانەی ئەمریکا لە عەنکاوە، لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە، بەڵام میدیاکان بڵاویان کردەوە کە بەر لە دەستگیرکردنی، ئەو مەلەیە لەلایەن هێزەکانی سەر بە لاهوور تاڵەبانییەوە ڕفێندراوە.

هەر سەبارەت بە ڕفاندنی ئەو مەلایە، د. تاریق نووری، بەڕێوبەری ئاسایشی هەولێر، پێشتر بە هەفتەنامەی (باس)ی ڕاگەیاندبوو: “ئەو مەلا سدیقەی لە حاجیاوا شوێنبزر کراوە، لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە وەکو گومانلێکراوێک لە کاری تیرۆریستیدا داواکراو بوو، بەڵام لایەنە پەیوەنددارەکانی سلێمانی هاوکاریی ئاسایشی هەولێریان نەکردووە بۆ ڕادەستکردنی”.

هاوکات سەرچاوە ئەمنییەکان ئەوەیان نەشاردووەتەوە کە ترسیان لەوە هەیە لەگەڵ ونبوونی مەلا سدیق، زانیارییەکی زۆری نهێنی لەبارەی چەندان کردەوەی تیرۆریستی و شانەی تیرۆریستی لە هەرێمی کوردستان ون ببێت.















باسنیوز
Top