پەرلەمانتارێکی پارتی: گردی زەرگەتە 122 دۆنمە و دارستانە و بەناوی گۆڕان کراوە
ئامینە زکری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە وتارێکیدا کە بە ناوی (بەهەرێمکردنی سلێمانی) نووسیویەتی، ئاماژەی بەوە داوە: ”ئەگەر قسەکردن لە سەر بەھەرێمکردنی سلێمانی لەو تێڕوانینە سەرچاوەی گرتبێت کە پارتی ھۆکاری قەیرانەکانە و ئەوان کە لە مەملەکەتی فریشتەکانن دەیانەوێت لەم ھەژموونەی پارتی رزگاریان ببێت و کۆریای باشوور دروست بکەن، دەی باشە فەرموون با ھەڵسەنگاندنێکی مەنتیقی و بێلایەنانە بۆ بەڕێوەبردن و حوکمڕانی لە نێوان دھۆک و سلێمانی یان ھەولێر و سلێمانی بکەین و بە زمانی لۆژیک قسە بکەین“. ئەوەشی خستووەتە بەر باس کە لە ساڵی 1991ەوە تا ئێستا، پارتی بە تەنیا حوکمڕانیی هەموو کوردستان یان حوکمڕانیی سلێمانی و گەرمیانی نەکردووە.
ئەوەشی نووسیوە: ”ئێوە کە ئێستا ھاتوون و دەتانەوێت سلێمانی بکەنە ھەرێم بۆ ئەوەی حوکمی ڕەشید بونیات بنێن، خۆ ھەر ئێوە زیاتر لە 25 ساڵە بە ڕەھایی حوکمی ئەو مەملەکەتە دەکەن، بۆچی ئەو بەھەشتەتان دروست نەکرد؟ کامەیە ئەو کۆڵەگە و شانازییانەی ئێوە ھەتانە و ئێمە لە دواتانەوەین“.
هەر لەو نووسینەدا ئامینە زکری ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ملیۆنەها مەتر ”زەویی نایاب“ لە ناوجەرگەی شاری سلێمانی بە بێ بەرامبەر بەسەر کۆمپانیا حزبییەکاندا تاپۆ کراون و ڕای گەیاندووە: ”تەنیا یەک کۆمپانیای گەورەی حزبیتان، 6 ملیۆن مەتر دوجا زەوی بە سەر تاپۆ کراوە“. دەشڵێت: ”باسی ئەو ھەزاران موساتەحە و وەبەرھێنانەی خستتانە خزمەتی گیرفانی حزب، یان ئەو فەزاحەتانەی لە خاڵە گومرگییەکان دوێنێ و ئەمڕۆش دەیکەن و بە دەیان خاڵی گومرگیی نایاساییتان داناوە و سەرانە لە خەڵک وەردەگرن، یان ئەو پارانەی لە بانکەکان بردتانە دەرەوە و ئێستاش بە بەردەوامی دەیبەن، یان باسی ئەو تەنکەرە نەوتانە بکەم کە ڕۆژانە وەک مێروولە ڕیزیان بەستووە و دەچنەوە گیرفانی خۆتان؟“.
ئەو پەرلەمانتارە پرسیاری ئەوە دەکات کە ئاخۆ کامە سێکتەر و کامە بازرگانی لە سلێمانیدا قۆرخ نەکراوە؟ دەشپرسێت: ”خۆ دەبێ لێتان بپرسین، لە سایەی ئەو ھەرێمەی ئێوە ژمارەی قومارخانەکان کەم دەبێتەوە؟ یان ئەو ھەزاران مەزرەعانەی لە سەر زەویی کشتوکاڵی دروست دەکرێن؟ یان ئەو 122 دۆنمەی گردی زەرگەتە کە دارستانە و بە دەر لە یاسا بە ناوی حزبی فریشتەکەتان کرا، بۆ حکومەتی دەگەڕێننەوە؟“. پرسیاریش لەبارەی ئازادییەکانیان دەکات و باس لەوە دەکات کە باس لە کامە ئازادی بکەن؟ ئەو ئازادییەی کەناڵی ئاسمانی دەسووتێ و بە پارەی حکوومەت سوڵحەکەی دەکەن؟ یان ئەوەی رۆژنامەنووس دەکوژرێ و بکوژەکەی کەسێکی ھەژارە؟ یان ئەوەی کە لە ھەڵبژاردنەکان سندووقەکانی دەنگدان لە ئەلبیسەکە دیل کران، یان ئەو ئازادییەی کە تەنیا ڕەخنە گرتن لە پارتی ڕێگە پێدراوە و ئەوەی تر ھەمووی خیانەتە دژ بە نیشتمان؟ یان ئەو ئازادییەی لە ناوخۆی حزبەکانیان دەستیان پێ کردووە و لە دوای مردنی سەرکردەش چارەنووسی حزب بە گۆڕەکەی دەسپێرن؟، وەک ئەو نووسیویەتی.
ئامینە زکری ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە ملیۆنەها دۆلار لە بودجەی گشتیی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەڕێوەبردنی کەناڵ و دەزگاکانی میدیایی و پەیج و سایتەکان خەرج دەکرێت و لەژێر ناوی میدیای ئازاددا ”ژەهر دەڕێژن و شیرازەی کۆمەڵگە تێک دەدەن“. پرسیاریشی لەبارەی لێژنەکانی لێکۆڵینەوەی زیندان لەبارەی کوژرانی قایمقامێکی سلێمانی کردووە و ڕای گەیاندووە کە ”نایابترین سینارۆ“یان بۆ ڕووداوەکە هۆنیوەتەوە. ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە پارێزگارێکی پێشووتری سلێمانی، هەرچەندە لەسەر گەندەڵی فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە، بەڵام لە فڕۆکەخانە بە شێوەی VIP گەشت دەکات.
پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو هەرێمی سلێمانییەی بانگەشەی بۆ دەکرێت، تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە پارێزگارێکی هەبێت و نەیانتوانیوە بەڕێوەبەرێکی ئاسایش بگۆڕن و تا قایمقامێک داندراوە دونیایەک تەقە کراوە و ڕۆژ نییە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەک حزب بەیاننامە لەسەر یەکتر دەرنەکەن.
لە کۆتاییشدا دەڵێت: ”دەی فەرموون ئێوە دەستی خۆتان لە گیرفانی حکوومەت و بژێویی خەڵک جیا بکەنەوە، با ئێمەش چەپڵەتان بۆ لێ بدەین، ئێوە باسی سەروەریی یاسا دەکەن، بەڵام ھیچ پیرۆزییەکتان بۆ یاسا نەھێشتووەتەوە و ڕۆژانە کلک و گوێی یاسا دەکەن. ئەگەر ئەمانە مۆدێلی نوێی ھەرێمەکەتانن سەد جار موبارەکتان بێت و فەرموون ناوی خوای لێبھێنن، بزانین خەڵکی ئەم دەڤەرە تێکۆشەرە تاکەی تەحەمولی ئەم سەرلێشێواوییەتان دەکات“.
باسنیوز
