دەزگای بارزانی هاوکاریی هەژارەکانی کانی قرژاڵە دەکات
بەپێی راگەیەندراوێک، رۆژی دووشەممە 5.6,2017، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی 150 هەژاری سنوورەکەی کردووە.
ئەو کەسانە بژێویی ژیانیان لەسەر کۆکردنەوەی کەلوپەل لە ناو زبڵ و پاشماوەکان لە زبڵخانەی هەولێر، دابین دەکرد.
دەقی راگەیەندراوەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی:
لە شارەدێی کانی قرژاڵە بە سەدان ھەژار و کەم دەرامەت بۆ بەدەست ھێنانی بژێوی ژیانیان سەرقاڵی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکن و بەمەبەستی ھاوکاری کردنیان دەزگای خێرخوازیی بارزانی کاروانێکی ھاوکارییەکانی گەیاندە ئەو شارەدێیە.
ئەمڕۆ رێکەوتی ٥/٦/٢٠١٧ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەبۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە کۆمەک و ھاوکارییەکانی گەیاندە ١٥٠ ھەژار کەلە شارەدێی کانی قرژاڵە سەرقاڵی کۆکردنەوەی خاشاکن بەمەبەستی بەدەست ھێنانی بژێوی ژیان.
جێگەی ئاماژەیە رۆژانە بە سەدان خێزان بژێوی ژیانیان بە کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک بەسەر دەبەن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە مانگی پیرۆزیی رەمەزاندا، ھەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ ھاوکاریکردنی خەڵکانی لێقەوماو و ھەژار دەست پێکردووە، لەو ھەڵمەتەشدا دەست دەکرێت بە دابەشکردنی پارسێلی خۆراک بەسەر ئەو خێزان و کەسانەی کە لەو کۆمەڵگایانەدا سەرقاڵی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکن.
سەرەڕای خراپی کەشوھەوا و لەناو بۆنێکی ناخۆشدا، ئەو خێزانانە ناچارانە بەدوای چنگ کەوتنی پارویەک ناندا لە ناو زبڵ و خاشاکدا دەگەڕێن و وەک یەکەم سەرچاوەی بژێوی ژیانیان لە کۆکردنەوەی پاشماوە فڕێدراوەکانی شاردا کاتیان بەسەر دەبەن.
باسنیوز
