پەکەکە و دەوڵەتی یاسا پیلانێک لە دژی شنگال و کەرکووک و خانەقین دادەڕێژن
ئێسلام حسێن، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: پەکەکە سەرقاڵی ئەوەیە لەگەڵ دەوڵەتی یاسا ڕێککەوتن بکات بۆ ئەوەی هەندێک بنکە و بارەگای لە عێراق بمێنێتەوە، بە تایبەتی لە حاڵێکدا ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان فشاریان لەسەر پەکەکە زیاتر کرد بۆ ئەوەی ناوچەکانی سنووری هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە شنگال چۆڵ بکات“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پەکەکە لە ڕێی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا سەرقاڵی ئەوەیە کە دەرچەیەکی یاسایی بدۆزێتەوە تاوەکوو ئەو بنکە و بارەگایانەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە سنووری (شنگال، کەرکووک و خانەقین) بهێڵێتەوە. گوتیشی: ”لەدوای ئەوەی پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان هاتووەتە پێشەوە، پەکەکە بە شێوەیەکی جددیتر لەگەڵ دەوڵەتی یاسا کار بۆ ئەوە دەکات کە ئاستەنگەکانیان لەبەردەم سەربەخۆیی کوردستان زیاتر بکەن“.
پێشتر سەعید حەسەن، فەرماندەی پەکەکە لە شنگال، لە کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە نووری مالیکی ڕای گەیاندبوو کە ئەوان خۆیان بە عێراقی دەزانن و ئامانجیان ئەوەیە ڕێگە لە گەڕانەوەی شنگال بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان بگرن.
باسنیوز
