وەزارەتی پەرەردە گۆڕانکاری لە سیستەمی خوێندنی پۆلی 12ی ئامادەیی دەکات

وەزارەتی پەرەردە گۆڕانکاری لە سیستەمی خوێندنی پۆلی 12ی ئامادەیی دەکات
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نیازە گۆڕانکاری لە سیستەمی خوێندنی پۆلی 12ی ئامادەیی بە ھەردوو بەشی زانستی و وێژەییەوە بکات، بۆ ئەوەش داوا لە سەرجەم پەروەردەکان دەکات، بۆچوونی خۆیان لەوبارەیەوە ئاراستەی نووسینگەی وەزیری پەروەردە بکەن.

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردە، کە بە ژمارە 133 لە 31/5/2017 دەرچووە و، تێیدا ھاتووە: "وەزارەتی پەروەردە بەردەوام لە ھەوڵی گۆڕانکاریدایە لە سیستەمی خوێندن بە ئاراستەی بەرەو پێشبردنی کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە ھەرێمی کوردستاندا، کە لەگەڵ ئاستی گۆڕانکاری و پێشکەوتن و پێویستی ھەنووکەیی بگونجێت".

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە: "بە پێویستی دەزانین زیاتر تیشک بخرێتە سەر بنەما پسپۆڕییەکان لە قوتابخانە ئامادەییەکان، وەک پسپۆڕیی ورد، کە ھەردوو بەشی زانستی و وێژەیی لەخۆ دەگرێت و بۆچوون ھەیە کە بەشی زانستی بکرێت بە دووبەش، بەشی زیندەوەرزانی، کە ھەردوو بابەتی زیندەوەرزانی و کیمیا وەک بابەتی سەرەکی تێیدا بخوێندرێن، بەشی زانستە پراکتیکییەکان، کە ھەردوو بابەتی بیرکاری و فیزیا، وەک بابەتی سەرەکی تێیدا بخوێندرێن".

وەزارەتی پەروەردە لەبارەی بەشی وێژەییەوە ڕوونی کردووەتەوە: "بەشی وێژەیی بە ھەمان شێوەی بەشی زانستی بکرێت بەدوو بەش، کە بریتین لە بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و بەشی زمانەوانی، ھەوڵبدرێت ڕێژەی 60%ی بەشە وانەکانی ھەفتانە، بۆ بابەتە پسپۆڕییەکان تەرخان بکرێت".






باسنيوز
Top