مه‌سرور بارزانى و عه‌بادى جه‌خت له هاوكارییه‌كانى نێوان پێشمه‌رگه و هێزه‌كانى عێراق ده‌كه‌نه‌وه
سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، پێشوازی له ڕاوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشی هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، كرد.
نووسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقی فیدڕاڵ بڵاویكرده‌وه، كه حه‌یده‌ر عه‌بادى، ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 4/ 6/ 2017) پێشوازی له مه‌سرور بارزانى، ڕاوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش و فوئاد حسێن، سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كرد.
وه‌ك له ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، تاوتوێی پرۆسه و سه‌ركه‌وتنه سه‌ربازییه‌كان له مووسڵ و هه‌ماهه‌نگێ نێوان هێزه جێاوازه‌كان له نێویشاندا هێزه‌كانى پێشمه‌رگه بۆ ڕزگاركردنى مووسڵ، كرا.
له دیداره‌كه‌دا، جه‌ختكرایه‌وه كه هاریكارى له نێوان سوپای عێراق و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه جۆرێك له متمانه و گونجاندنى درووست كرد، كه به‌رهه‌مه‌كه‌ى ئه‌نجامه خێرا و گرنگه‌كان بوو له له‌ناوبردنى دوژمن، ئه‌و هاریكارى و هه‌ماهه‌نگییه ده‌ستپێكى په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌وتر و له‌یه‌ك تێگه‌یشتنى زیاترى نێوان حكوومه‌تى فیدڕاڵ و هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت له داهاتوودا.
bas news-
