سەركردەیەكی كریستیان: كێشەكانمان بەگهڕانهوه بۆسهر ههرێم چارەسهردهبن.. حكوومەتەكانی عێراقمان تاقی كردوونهتەوە
(ئەعدولئەحەد ئەفرام)، سكرتێری گشتیی پارتی دیموكراتی كلدانی كریستیانەكان ڕایگەیاند، "دەشتی نەینەوا لە چەند پێكھاتەیەك پێك ھاتووە، لەوانە بەشێكیان سریانن و بەشێكی زۆر كەمیش ئاشوورن و ئەوانی دیكە زۆرینەیان كلدانن، لەبارەی داھاتووی ناوچەكەیشەوە ئێمە لەنێو خۆمان بۆچوونی جیاوازمان ھەیە، ئایا دوای شەڕی داعش پاشەڕۆژی ناوچەی دەشتی نەینەوا بە كوێ دەگات؟ چەند پێشنیازێك ھەن، لەوانە دروستكردنی پارێزگایەك یان بگەڕێینەوە سەر عێراق، ئەگەری تریش گەڕانەوەیە بۆ سەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كریستیانەكانی دەشتی نەینەوایش بەسەر چەند بۆچوونێكدا دابەش بوون، لەوانە كەنیسە بۆچوونی خۆی ھەیە، لە ھەمان كاتدا لایەنە سیاسییەكان شتێكی دیكە دەڵێن، خەڵكیش ھەریەكە و دابەشی سەر لایەنێكە".
سكرتێری گشتی پارتی دیموكراتی كلدانی ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، "بە بڕوای من دەشتی نەینەوا نەكرێتە پارێزگا باشترە، چونكە ئێمە دەكەوینە نێوان ھەرێم و بەغدا و ئەو كات پارێزگای دەشتی نەینەوا لە نێوان دوو حكوومەتدا سەركەوتوو نابێت، دواتر ھەر كریستیان لە دەشتی نەینەوا نییە، ئەگەر بكرێتە كیانێكی سەربەخۆ كێشەكانمان چارە ناكرێن، لەبەر ئەوەی دەشتی نەینەوا جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ ناوچەكانی دیكە ھەیە و، لە دەشتی نەینەوا برایانی كوردی موسڵمان و توركمان و كوردی شەبەك و ئێزدییش ھەن كە تەنیا ٣٩%ـی دەشتی نەینەوا كریستیانن".
(ئەفرام) گوتیشی، "ئێمە زیاتر لە سەد ساڵە حكوومەتەكانی عێراقمان تاقی كردووەتەوە و جگە لە زیان و نەھامەتی، ھیچی بۆ گەلی ئێمە نەكردووە، بۆیە باشترین رێگا بۆ چارەكردنی كێشەكانی كریستیانەكانی دەشتی نەینەوا ئەوەیە، ھەموو گوند و شارەكانیان بخرێنە سەر ھەرێمی كوردستان و كێشەكانمان بەوە چارە دەكرێن، ئەوەی دیكەیش ھەمووی ھەڵەیە ئەگەر بكرێتە ھەرێمی سەربەخۆ یانیش پارێزگا".
kdp-
