لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وه‌ڵامی هیومان ڕایتس وۆچ ده‌داته‌وه‌

لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وه‌ڵامی هیومان ڕایتس وۆچ ده‌داته‌وه‌
ده‌رباره‌ی ئەو پیاو و گەنجانەی ڕایان کردووە و بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا ده‌ستگیر ده‌كرێن، لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، وه‌ڵامی ڕاپۆرتێكی هیومان ڕایتس وۆچ ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت، بە شێوەیەکی گشتی تەنیا ئەو کاتانە خەڵک دەستگیر دەکرێت، کە زانیاریی تەواو و بەڵگەی بەهێز بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە لە بەردەستدا بێت، پاش دەستگیرکردنیشیان ڕادەستی هێزە ئەمنییە تایبەتییەکان دەکرێن.

رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە بە ناوی (کوردستانی عێراق: دووبارە دەستبەسەرکردنی پیاو و گەنجانی ڕاکردوو) و، تێیدا باس لە دەستبەسەرکردنی ئەو پیاو و گەنجانە دەکات، کە ڕایان کردووە، لەم بارەیەوە لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، ئەوەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

ڕۆژی 3/6/2017 ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە بە ناوی ( کوردستانی عێراق: دووبارە دەستبەسەرکردنی پیاو و گەنجانی ڕاکردوو و، تێیدا باس لە دەستبەسەرکردنی ئەو پیاو و گەنجانەی ڕایان کردووە، سەری هەڵداوەتەوە، بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، هەروەها لەسەر زاری (بریانکا مۆتابارتی)ی توێژەر باس لەوەش دەکات، کە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی بارودۆخێکی ئەمنیی سەخت بووەتەوە، بەڵام دەستگیرکردنی ئەو گەنج و پیاوانە نابێتە هۆی دابینکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

لێرەدا وەک لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بە پێویستی دەزانین چەند خاڵێک ڕوون بکەینەوە سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی پەیوەندییان بە تیرۆریستانی داعشەوە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمەوە دەستگیر دەکرێن:

لەگەڵ هاتنى ڕاگوێزراوان بۆ ساترەکانى هێزى پێشمەرگە، وەک ڕێوشوێنێکی ئەمنی تەنیا پیاوەکان دەپشکێندرێن، ئەویش پشکنینێکی زۆر ئاساییە بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی کەسانی تیرۆریست و خۆکوژ لە نێویاندا، دواتر دەگوازرێنەوە بۆ سەنتەرەکانى پێشوازى. دواى گواستنەوەى ڕاگوێزراوان بۆ سەنتەرى پێشوازى دووبارە پیاوەکان دەپشکێندرێن و بە هیچ شێوەیەک پشکنین بۆ ئافرەتان ئەنجام نادرێت، ئەم ڕێوشوێنانە زۆر جار بوونەتە هۆی ئەوەی کە ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گلەیی ئەوەیان کردووە، کە بۆچی ئافرەتەکان ناپشکێندرێن، بەڵام بە هۆی ڕەچاوکردنی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و حورمەتی خەڵکەکە، تا ئێستا ئافرەتە ڕاگورێزراوەکان پشکنینیان بۆ ئەنجام نادرێت لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە.

لە پشکنینی یەکەمدا زانیاری لە خودی ئەو کەسانە وەردەگیرێت، کە ئاوارە دەبن و ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، یاخود خۆیان دەربارەی ئەو کەسانە قسە بۆ لایەنە ئەمنییەکان دەکەن، کە پەیوەندییان بە گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە هەبووە. لە ماوەی ئەو چەند کاتژمێرەدا کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ کەسەکان دەکرێت، ئەگەر کەسێک گومانلێکراو بوو، ئەوە بە پشتبەستن بە زانیاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەک موختاری گەڕەک و عەشایرەکانی ناوچەکە و ئەو زانیارییانەی دەست لایەنە ئەمنییەکان کەوتوون، جەختیان لەسەر دەکرێتەوە و ئینجا گومانلێکراو دەستگیر دەکرێت.

پشکنین تەنیا چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت و پاش پشکنین ڕاگوێزراوەکان دەنێردرێنە کەمپەکان و ئەو کەسانەی گومانلێکراویشن، دەستگیر دەکرێن، حاکم کەیسیان بۆ دەکاتەوە و ڕاستەوخۆ پاش دەستگیرکردنی هەکەسێک، بنەماڵەکەی ئاگادار دەکرێنەوە لە دەستگیرکردن و هۆکاری دەستگیرکردنی، هەروەها مافی ئەوەشی دەبێت، کە پارێزەر بۆ خۆی بگرێت. لە کاتی دەستگیرکردن و ئازادکردنیشیان ئەمانە لە خێزانەکانیان جودا ناکرێنەوە و پاش ئازادکردنیان دەگەیەندرێنەوە بە بنەماڵەکانیان. لە دوای ئەوەی لە لایەن حاکمەوە کەیس بۆ گومانلێکراوێک دەکرێتەوە، ئینجا لێکۆڵینەوە لەگەڵی دەست پێ دەکات، دوای ئه‌وه‌ی ڕاگیراو حوكمی له‌ دادگاوه‌ بۆ ده‌ره‌دچێت، ڕه‌وانه‌ی داموده‌زگاكانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كرێ، بۆ سه‌پاندنی سزاكه‌ی، به‌ پێی ڕێوشوێنه‌ كارپێكراوه‌كان، به‌ڵام بە هیچ شێوەیەک ئه‌شكه‌نجه‌ نادرێ، چونكه‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان تاوانه‌ به ‌پێی یاسای سزاكانی عێراقی، كه‌ له‌ مادده‌ی (333)، به‌ پێی مادده‌ (19) بڕگه‌ 12/ای ده‌ستووری عێراق ده‌سه‌ڵاتی به‌ندكردن ته‌نیا دراوه‌ته‌ دادوه‌ر.

لە کاتی ڕوودانی شەڕدا هەندێک کەس دەستگیر کراون، بەڵام دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە ئەوانەی کە بێتاوانن ئازاد دەکرێن و ئەوانەی بە بەڵگەوە دەسەلمێنرێت، کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبێت بە پێی ماددە (٤)ی یاسای دژەتیرۆر کە پێشتر کاری پێ دەکرا ڕەفتاریان لەگەڵدا کراوە، هەروەها لە دواى ڕزگارکردنى هەر ناوچەیەک لە لایەن هێزى پێشمەرگەوە، دانیشتوانى ناوچەکە وەک ڕێوشوێنێکی ئاسایی کۆ دەکرانەوە، ئافرەتان بە جیا و پیاوانیش بە جیا، هەرکەسێک دەرکەوتبێت، کە پەیوەندیى بە داعشەوە هەبووبێت، بە پێی زانیاریی هەواڵگری وەک (وێنە یان تۆمارى دەنگى یان دوو شاهید) ئەو کەسانە دەستبەسەر دەکرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا ئەنجام دەدرێت بۆ ماوەى (24) کاتژمێر، دواتر ڕەوانەى بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشى ناوچەکە دەکرێن، ئەگەر دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە پەیوەندییان بە تیرۆریستانەوە هەیە، ڕەوانەى دادگاى تایبەت دەکرێن و هەموو مافێکیان هەیە و بە پێی یاسا کەسوکاریشیان لە دەستگیرکردنی و ئەو تۆمەتەی کە لەسەری دەستگیر کراوە، ئاگادار دەکرێنەوە، بەڵام ئەگەر هیچ بەڵگەیەکی درووستیان لەسەر نەبێت، ئەوا ئازاد دەکرا و ئەو ڕێوشوێنانەی کە دەزگا ئەمنییەکان دەیگرنە بەر ڕێوشوێنێکی ئاساییە، لە هەر شوێنێک لە کاتی جەنگدا بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان ئەنجام دەدرێت.

بە شێوەیەکی گشتی تەنیا ئەو کاتانە خەڵک دەستگیر دەکرێ، کە زانیاریی تەواو و بەڵگەی بەهێز لەبەردەستدا بێت بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە، پاش دەستگیرکردنیشیان تەنیا بۆ چەند کاتژمێرێکی کەم لە ئاسایش دەمێننەوە و پاش وەرگرتنی زانیاریی سەرەتایی وەکو ئەگەری هێرشى تیرۆریستان یان پلانی داهاتوویان ڕادەستی هێزە ئەمنییە تایبەتییەکان دەکرێن.

لەبارەی ئەو بەڵگانەی لەسەر گومانلێکراو و تاوانباران کۆ دەکرێتەوە، بەڵگەکان جیاوازن و هەندێکیان لە ڕێگەی مۆبایلی تاوانبارەکانەوە دەستمان دەکەوێت، یاخود لە ڕێگای بەکارهێنانی ماددەیەکی تایبەت، کە لە ئەمریکییەکان دەست لایەنە ئەمنییەکان کەوتووە، کە بە هۆی ئەو ماددە کیمیاوییەوە کە لە دەستی خەڵکەکە دەدرێت ئاشکرا دەبێت کە ئەو کەسانە دەستیان بەر ماددەی تەقەمەنی وەکو (تی ئێن تی) کەوتووە، یان نا و بە کۆمەڵێک بەڵگەی بەهێزەوە دەستگیر دەکرێن.

سەبارەت بە ڕێوشوێنی بازگەکانیش، هەموو ئەو کەسانەی لە بازگەکانەوە ڕوو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن، مەرج نییە کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، هەندێک جار ژماریەک لە خەڵکەکە تەنیا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە بازگەکان دەهێڵدرێنەوە و چەند پرسیارێکیان لێ دەکرێت، بۆ وردبینیکردنی زانیارییەکان و پشکنین کە ئەمە تەنیا چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت، نەک چەند ڕۆژ.

بە پێی زانیارییەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان تا ئێستا نزیکەی (١٥٠٠) کەس کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، دەستبەسەرن و ئێستا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان، لەوانە (228) کەس تەمەنیان لە خوارووی (18) ساڵییە و ئێستا لە چاکسازییەکان دەستبەسەرن، ئەم ژمارانە بە هۆی بەردەوامیی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ و هاتنی بەردەوامی ئاوارەکانەوە لە گۆڕانکاریدایە.

ئەو ڕێوشوێنانەی کە دامودەزگا ئەمنییەکان پیادەی دەکەن، تەنیا بۆ پاراستنی سەروماڵی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانە بە هەموو پێکهاتە و ئاوارەکانیشەوە و دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێم هەوڵ دەدەن، پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ پیادە بکەن لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم ڕێوشوێنانەدا.
kdp-
Top