ئەم هەلەی بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە دووبارە نابێتەوە

 	 ئەم هەلەی بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە دووبارە نابێتەوە
بۆ ئاماژە بە قۆناغی ئێستای هەرێمی کوردستان، ئەندامێکی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی دەڵێت‌، هەرێمی کوردستان لەبەرده‌م کۆمەڵێک تەحەدادایە و لە بەر کۆمەڵێک هەڕەشەدایە، ئەگەر بێت و خۆی کۆ نەکاتەوە و بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی نەدات، لە داهاتوودا خۆی زەرەر دەکات. (د. دیندار نەجمان دۆسكی)یش دەڵێت، ئەم قۆناغە گرینگە و دەبێ هەموو حزبەکان بە یەکەوە بڕیاری هاوبەش بدەن.

(د. دیندار نەجمان دۆسکی) كه‌ سیاسەتمەداری باشووری کوردستانه‌ بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''هەموو گەلێک لە جیهاندا مافی بڕیاردانی خۆی هەیە، گەلی کوردستانیش لە قۆناغێکدایە کە ئەوەی بەدەستی هاتووە و ئەوەی بۆی هاتووەتە پێشەوە دووبارە نابێتەوە، بۆیە دەبێ بە هەموو لایەک بڕیار لە چارەنووسی گەلی کوردستان بدەن، بەتایبەت ڕیفراندۆم، کە پێچەوانەی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان نییە و ڕێیەکی ئاشتییانەیە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردستان، بۆیە دەبێ هێزە سیاسییەکان ئەم قۆناغە تێپەرێنن و بگەڕێنەوە بۆ واقعی کوردستان، کە دەستخستنە دەستی یەکترە بۆ ئایندەیەکی باشتر، چونکە ئەمەی تا ئێستا بەدەست هاتووە، ناکرێت بە کەم تەماشا بکرێت.''

(دۆسکی) گوتی: ''گەلی کوردستان لە چوارچێوەی هاوکێشە سیاسییە نێودەوڵەتییەکاندا باش چووەتە پێشەوە و توانیویەتی باڵانسی هێز لە نێوان زلهێزەکاندا ڕابگرێت، بۆیە ئەم ڕەوتە ناکرێت پاشەکشەی پێ بکرێت و ناشکرێت لە ناوخۆی کوردستاندا لەمپەری لەبەردەمدا دروست بکرێت، دەبێ هێزە سیاسییەکان ئەو قۆناغە تێپەڕێنن و دەبێ هەرچی زووە، ئەمساڵ ڕیفراندۆم بکرێت.''

(د. دیندار نەجمان دۆسکی) دەڵێت: ''چوونی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا و چوونی (بارزانی) بۆ ئەردەن و سەردانی ئەم دواییەی شاندی حکوومەت بۆ ڕووسیا کاردانەوەی پۆزەتیڤی هەبوو و چاوەڕوانین دەرەنجامیان هەبێت.''

''دەبێ ئەوەی پێی دەگوترێت ناکۆکیی ناوخۆی حزبەکان چارە بکرێت''

هاوكات (رەهبەری سەید برایم) ئه‌ندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''گەلی کوردستان مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بەتایبەت ئێستا کە پرسی ڕیفراندۆم هاتووەتە ئاراوە، دەبێ بە هەموو لایەک ڕێ بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لەو ڕێیەوە ڕیفراندۆم بکرێت و دەبێ گەلی کوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، گرینگە سەرجەم هێزە سیاسییەکان لەو پەیامە تێبگەن، کە ئێستا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانی بەهێزی خەڵکی کوردستانە، بۆیە دەبێ ئەوەی پێی دەگوترێت ناکۆکیی ناوخۆی حزبەکان چارە بکرێت و سەرجەمیان لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ کۆ ببنەوە و پێکەوە گرفتەکانیان چارە بکەن، چونکە ئەوەی بۆمان هاتووەتە پێشەوە، نابێ بە کەمی بزانین.''

(رەهبەری سەید برایم) گوتیشی: ''هەرێمی کوردستان لەبەرده‌م کۆمەڵێک تەحەدادایە و لە بەر کۆمەڵێک هەڕەشەدایە، ئەگەر بێت و خۆی کۆ نەکاتەوە و بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی نەدات، ئەوە لە داهاتوودا خۆی زەرەر دەکات، بەتایبەت ئێستا، کە هێشتا هەڕەشەی تیرۆر لە ناوچەکەدا ماوە و گەلی کوردستانیش هێشتا بەشێک لە خاکەکەی خۆی ماوە، کە بیگەڕێنێتەوە.''
kdp-
Top