بایز تاڵەبانی: ئەوەم نەبیستووە کە دەڵێن سەر بە هۆزی بەنی ئەسەدین و شیعەین

 بایز تاڵەبانی: ئەوەم نەبیستووە کە دەڵێن سەر بە هۆزی بەنی ئەسەدین و شیعەین
وەزیری پێشووتری دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت، کە نەیبیستووە بنەماڵەکەیان سەر بە هۆزی (بەنی ئەسەد) بنن و شیعە بن، بۆیە دەڵێت: ”ئاڵا تاڵەبانی دەزانێت بنەچەمان چۆنە و چۆن نییە“.

بایز تاڵەبانی، وەزیری پێشوتری دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی، رایگەیاند: "ئەو شتانەم نەبیستووە کە گوایە بنەماڵەکەمان سەر بە ھۆزی بەنی ئەسەد بن و شیعە بن، چونکە ئێمە ئێستا وەک تاڵەبانی سوننەین“.

دووپاتیشی کردەوە: ”ئێستا خۆم وەک بایز سوننەم، ئیتر نازانم بنەچەمان چۆنە و چۆن نییە، ئەوە ئاڵا دەزانیت“.

وەزیری پێشوتری دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی روون کردەوە: "من لە بنەماڵەی تاڵەبانیم و لە بنەماڵەی مام جەلالیشم، ھەموومان لە یەک بنەماڵەین، چونکە تاڵەبانی ھەمووی یەک بنەماڵەیە، تائێستا نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی لە بنەماڵە و عەشیرەتگەری دەرچین“.

ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی بەرنامەیەکی کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە نووری مالیکی، ڕای گەیاندبوو کە بۆچوونێک هەیە لەسەر ئەوەی کە تاڵەبانییەکان سەر بە ھۆزی (بەنی ئەسەد)ن و شیعەن.













باسنیوز
Top