پارێزگاری کەرکووک هۆشداری بە حەشدی شەعبی دەدات

 پارێزگاری کەرکووک هۆشداری بە حەشدی شەعبی دەدات
پارێزگاری كەركووك لەمیانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕای گەیاند، كەسانێك بە تۆمەتی ڕفاندنی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كراون، ئەو كەسانەش بەناوی حەشدی شەعبییەوە ئەو كارە دەكەن.

ئەمڕۆ یەكشەممە 4.6.2017 نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك لەمیانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕای گەیاند: "لە كاتی ئازادكردنی منداڵێك دا 3 كەس دەستگیر كراون، 2 كەسی دیكەیان هەڵهاتوون، ئەو كەسانەی دەستگیر كراون بەناوی حەشدی شەعبییەوە كارەكانیان ئەنجام داوە، هەروەها یەكێك لە دەستگیر كراوەكان خوشكەزای بەرپرسی ڕێكخراوی بەدرە لە خورماتوو."

ئەوەشی خستەڕوو، كە داوا لە سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەركردایەتیی حەشدی شەعبی دەكەین، كە ڕێگری لەم جۆرە كارانە بکەن، هەروەها داوا دەكەین كە ئەو 2 كەسەکەی دیكەش كە هەڵهاتوون و ئێستا لە خورماتوون، دەستگیریان بكەن و ڕادەستی ئێمەیان بكەن، چونكە ئەو كارانەی ئەوان دەیكەن بۆ ناوی ئەوانیش خراپە".

ئاماژەی بۆ ئەوش كرد: "ئەو كەسانەی كە ئەم جۆرە كارانە دەكەن، سەرەڕای ئەوەی كە دزن و دەیانەوێت بڕە پارەیەکیان دەست بكەوێت، دەیانەوێت جۆرێك لە كێشە لە نێوان پێكهاتەكانی جیاوازەكانی ناو شاری كەركووكدا دروست بكەن".











باسنيوز
Top