سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ژمارەی قوربانییانی هێرشەکەی لەندەن ئاشکرا دەکات
رۆژی یەکشەممە 4.6.2017، تێرێزا مەی، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری کرد و رایگەیاند، تەنیا کردەی سەربازی کۆتایی بە تیرۆر ناهێنێت و ”دەبێ لە رووی ئایدۆلۆژییەوەش رووبەڕووی ببینەوە“.
تێرێزا مەی هەروەها رایگەیاندووە، بەهۆی هێرشەکەی سەر پردی لەندەن بریدجەوە، حەوت کەس گیانیان لەدەست داوە و 48ـی دیکەش بریندار بوون، ”رەوشی تەندروستیی بەشێک لە بریندارەکان ناجێگیرە“.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پێیوایە هێرشە تیرۆریستییەکە ”بۆ ناشیرینکردنی ئایینی ئیسلامە“ و پۆلیسی وڵاتەکەش پێنج هێرشی تیرۆریستی پووچەڵ کردووەتەوە.
پێشتر مارک رۆلی، جێگری سەرۆکی پۆلیسی لەندەن رایگەیاندووە، درەنگانی شەوی شەممە 3.6.2017 لەسەر پردی (لەندەن بریدج)، سێ کەسی تیرۆریست بە پاسێکەوە خۆیان بە رێبواراندا کێشاوە و دواتر یەکێکیان لە پاسەکە هاتووەتە خوارەوە و بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر رێبوارانی سەر پردەکە و دواتر هەر سێ کەسەکە کوژراون.
باسنيوز
