حەشدی شەعبی هێزی زیاتر رەوانەی سنووری کەرکووک دەکات
حەشدی شەعبی بە نیازە لە سێ قۆڵەوە هێرش بۆ سەر شارۆچکەی حەویجە لە باشووری رۆژئاوای کەرکووک بکات، کە لە ساڵی 2014ـەوە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە داگیر کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، زیاتر لە هەزار چەکداری ئەو میلیشیایانە لە سنوورەکە هەن و هێزی زیاتریش بەرەو سنوورەکە دەهێنن.
کەمال کەرکووکی، فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، پێشمەرگە بڕیاری بەشداریکردنی هێزەکان لە ئۆپەراسۆنی رزگارکردنی حەویجە دەدات، بەهۆی ئەوەی حەویجە بەشێکە لە خاکی کوردستان.
کەمال کەرکووکی هەروەها رایگەیاندووە، ناکرێ پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ناوچەکە رزگار بکات و دواتر رادەستی لایەنی دیکە بکرێت.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی و دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی سنووری شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز
