راگەیەندراوێک لە نووسینگەی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە و دەڵێت: سەربەخۆیی پەیوەندیی بە خواستی گەلەکەمانەوە ھەیە“
لە راگەیەندراوەکەدا، نووسینگەی مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ مەسرور بارزانی، بەرپرسانی ئەمریکا پاڵپشتیی و هاوسۆزیی خۆیان بۆ ”خواستەکانی گەلەکەمان“ دەربڕیوە.
دەقی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان:
راگەیەندراوێک لە نووسینگەی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانەوە
لوقمان فەیلی سەفیری پێشووی عێراق لە واشنتۆن لە لێدوانێکیدا کە لە چەند کەنالێکدا بڵاوبۆتەوە باسی لەوە کردووە، کە ئیدارەی ئەمەریکا دژایەتیی خۆیان بۆ پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان بە بەرێز مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان راگەیاندووە.
لیرەدا بۆ ڕای گشتیی ڕوون دەکەینەوە، کە لە ھەموو ئەو دانیشتنانەی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەل بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەی ئەمەریکای ھەبووە، ئەوەی بەدیکراوە پاڵپشتی و ھاوسۆزیی لایەنی ئەمەریکی بووە بۆ خواستەکانی گەلەکەمان و ھەردوولاش جەختیان لەوە کردۆتەوە، کە ھەموو پرس و کێشەکان بە لەیەکتر تێگەیشتن و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بکرێن.
سەفیری پێشووی عێراق نە بەشداری کۆبوونەوەکان بووە و نە ئاگاداری ناوەرۆکی ئەو کۆبوونەوانە بووە، ناوبراو بریکاری ئیدارەی ئەمەریکاش نیە، کە لە جیاتی ئەوان لێدوان بدات. بێگومان ئیدارەی ئەمەریکا کەناڵی خۆی ھەیە ھەڵویستی فەرمیی ئەو وڵاتە رابگەیەنێت و تا ئێستاش لێدوانی لەو چەشنە لە لایەن ئیدارەی ئەمەریکاوە رانەگەیەندراوە.
بابەتی ریفراندۆم وپرسی سەربەخۆییش پەیوەندیی بە خواستی گەلەکەمانەوە ھەیە و بڕیاردەری کۆتاییش لەم پرسەدا ھەر ھاووڵاتیانی کوردستانن.
نووسینگەی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان
٣/٦/٢٠١٧
باسنیوز
