لە پۆڵۆنیا پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی خرایە ڕوو
(هێمن هەورامى)، ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتی، سەرۆکایەتیى شاندەکەی کرد و (ئەمیر عەبدوڵڵا جەرگیس) یاوەریی دەکات. لەو دانیشتنانەدا (هەورامى) بە وردى باسى پرسى ڕیفراندۆمى کرد و ئەم پرسەشى گەڕاندەوە بۆ دووبارەنەبوونەوەى ئەو نەهامەتییانەى کە بە هۆى بوونمان لەگەڵ دەوڵەتێکدا بەسەرمان هاتووە، کە بە خواستى نەتەوەییى هیچ کام لە نەتەوەکانى ئەو وڵاتە نەبووە. بۆیە خەڵکى هەرێمى کوردستان دەیانهەوێت بۆ ئایندەى کوردستان بڕیار بدەن. هەروەها گوتی: ''ئەستەمە جارێکى دیکە بچینەوە ئەو چوارچێوەیەى کە کەمینەکان بچەوسێنرێنەوە.''
ئەو ئەندامەى سەرکردایەتیى پارتى بە پێى ئەو ستراتیژییەى کە هەرێمى کوردستان گرتوویەتەبەر، ئایندەى کوردستانى بۆ ئەو ناوەندە لێکۆڵەرەوانە خستەڕوو و گوتی: ''چونکە ئایندەى هەرێمى کوردستان، لە لایەن خەڵکەکەى خۆییەوە دەستنیشان دەکرێت، بە ئایندەیەکى گەشى دەبینین.'' سەبارەت بە بایەخەکانى پەیوەندیى نێوان هەرێمى کوردستان و پۆڵۆنیا، (هەورامى) گوتى: ''پۆڵۆنیا ڕۆڵێکى ئەرێنیى هەبووە لە شەڕى تیرۆر و ئاسایشى وزە و پێگەى لە نێو ناتۆ و یەکێتیى ئەورووپادا بەرامبەر هەرێمى کوردستان و هەرێمى کوردستانیش هەمووکات بە هاوپەیمانێکى ستراتیژیى خۆى زانیوە و سوپاسى وڵات و حکوومەت و گەلى پۆڵۆنیا دەکەین.''
ناوەندە لێکۆڵەرەکانى پۆڵۆنیا گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەى کە دەشێت هەرێمى کوردستان ببێتە نموونەیەک بۆ ئەوەى ئاشتى و پێکەوەژیان بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە.
هەر لە هەمان ڕۆژدا (هێمن هەورامى) لەگەڵ ئەو قوتابیانەى کە بۆ خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى پۆڵنیا دەخوێنن، دانیشتنێکى ئەنجام دا و لە دانیشتنەکەدا، بە وردى باسى لە پرسى ڕیفراندۆم و بەرەو سەربەخۆییچوون و ئایندەى ناوچەکە کرد، دیدگا و ستراتیژیى جەنابى (سەرۆک بارزانى) لەو پرسانەدا خستەڕوو، کە جەنابى (سەرۆک بارزانى) بە جیددى کار لەسەر بەرەو سەربەخۆییبردنى هەرێمى کوردستان دەکات، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە دووبارە گەلى کورد تووشى ئەو چەرمەسەرییانە نەبێتەوە، کە بە سەریدا هاتوون. هەروەها ئەوەشى بەو قوتابیانە گوت، کە لە پۆڵۆنیا دەخوێنن: ''پێویستە ئێوەش کار بۆ زیاتر ئەکادیمیکردنى ئاستى زانستیى خۆتان بدەن، بۆ ئەوەى بتوانن بەشێکى گرینگ بن لەو سیاسەتەى کە (سەرۆک بارزانى) ئاڕاستەى دەکات.''
kdp-
