وەزارەتی پێشمەرگە: پێشمەرگە بە شمشێری كەس شەڕ ناكات.. تەعدا لە كەس قبووڵ ناكه‌ین

 وەزارەتی پێشمەرگە: پێشمەرگە بە شمشێری كەس شەڕ ناكات.. تەعدا لە كەس قبووڵ ناكه‌ین
گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یێنێ، گەلی كوردستان تەعەدای لە كەس نەكردووە و تەعدایش لە كەس قبووڵ ناكات و ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو هەڕەشە و كەڵەگایی و ڕەفتاری ناهەق و نابەجێی خەڵكی تر.

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كیدا كه‌ وه‌ڵامی فه‌رمانده‌یه‌كی چه‌كداره‌كانی میلیشیای عه‌سایبی ئه‌هلی حه‌قی ناو حه‌شدی شه‌عبییه‌، وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە عاقڵمەند و چاكەخوازانی شیعە دەكەین سنوورێك بۆ زێدڕۆیی و هەڕەشەكانی ئەو جۆرە كەس و تاقمانە دابنێن.
ئه‌مه‌ ده‌قی ڕوونكردنەوەكه‌یه‌:

ڕوونكردنەوەیەك لە گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لێدوانێكی تەلیباوی كە فەرماندەیەكی چەكدارەكانی عەسائبی ئەهلی حەقی ناو حەشدی شەعبیە لە میدیاكان بڵاو بووەتەوە. ئەو لێدوانە و لەهجەكەی، دوژمنكارانە و بێ بنەمایە لەدژی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان و بۆنی هەڕەشە و فیتنەگێڕی و شەڕفرۆشی لێدێت. ڕەنگە ئەم هەڕەشەیە تەواوكاری هەڕەشە و قسە نابەجێكانی مالیكی بێت لەدژی گەلی كوردستان. جێگەی داخە ڕۆژانە لێدوانی دوژمنكارانە و سەیر و سەمەرەی هاوشێوە لە دژی پێشمەرگە و كوردستان دەبیسرێت كە جێگەی سەرسوڕمانە. پرسیار ئەوەیە هەتا كەی فەرهەنگی گەفوگوڕ و قڕكردنی كورد دەبێ باڵادەست بێت؟
گەلی كوردستان شەڕی تیرۆری كرد و لە سایەی قوربانیدانی پێشمەرگە لەو شەڕە سەختەدا سەركەوت، بە خوێنی پێشمەرگە ئەفسانەی داعش تێكشكا و خاكی كوردستان لە داگیركاریی تیرۆریستان ئازاد كرا. پێشمەرگە بە شمشێری كەس شەڕ ناكات، بە درێژاییی مێژووی خەباتیدا پێشمەرگە بێكەسترین هێز بووە و بۆ بەرگریكردن لە كوردستان هەمیشە پشتی بە ئیرادە و خوێنی خۆی و پاڵپشتیی گەلی كوردستان بەستووە. ئەوە ئێوەن كە ئەگەر ڕاوێژكار و هێزی بیانی و هەرێمایەتیتان لەگەڵدا نەبێت ناتوانن شەڕی یەك مەفرەزەی داعشیش بكەن. هەر ئێوەن مووسڵتان تاڵان كردووە و پێشتر سەدان كەستان بێسەروشوێن كردووە و ڕێگەی تەعەداتان گرتووەتەبەر و هەموو لایەك ئاگاداری ڕەفتارەكانی ئێوەیە.

گەلی كوردستان تەعەدای لە كەس نەكردووە و تەعدایش لە كەس قبووڵ ناكات و ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو هەڕەشە و كەڵەگایی و ڕەفتاری ناهەق و نابەجێی خەڵكی تر. هیوادارین ئەمجۆرە دەنگانە تەمسیلی حەشد نەكەن و داوایش لە عاقڵمەند و چاكەخوازانی شیعە دەكەین سنوورێك بۆ زێدڕۆیی و هەڕەشەكانی ئەو جۆرە كەس و تاقمانە دابنێن.
kdp-
Top