برازایەکی مام جەلال بە توندی وەڵامی ئاڵا تاڵەبانی دەداتەوە
لە وەڵامی ئەو قسانەی کە ئاڵا تاڵەبانی لە میانی بەرنامەیەکی کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە نووری مالیکی کردوویەتی و باسی لەوە کردووە کە تاڵەبانییەکان سەر بە هۆزی (بەنی ئەسەد)ن و شیعەن، شێخ عەلی تاڵەبانی، برازای جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی، ڕایگەیاند: ”ئێمە بنەماڵەی تاڵەبانین، پێم سەیرە شتی وامان بۆ نەزانیوە؟ ئێمە وەک عەشیرەت زەنگەنەین، بەڵام لەناو زەنگەنە بەحوکمی شێخایەتی، بەو نازناوەوە ناسراوین، بە ڕەچەڵەک خەڵکی ناوچەی سەنگاوین“.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئاڵا تاڵەبانی دەمانباتەوە بۆ ڕەچەڵەکی شیعە، ئێمە سوننەیی خۆمان لێ زیادە تا ببین بە شیعە؟ دواتر خێزانی تاڵەبانی زیاتر بەرەو عەلمانیەتن تا بەرەو تایەفەگەری و ئایینگەرایی، زۆر بە مەزهەبگەراییەوە پەیوەست نین، زیاتر کەسانی عەلمانی و تێکەڵی سیاسەت بوون، بەتایبەت ئەوانەی تێکەڵی پارتی بوون یان لەگەڵ حزبی شیوعی بوون، بەتایبەت موکەرەم تاڵەبانی و د. نووری تاڵەبانی و مام جەلال زیاتر عەلمانی بوون".
ئەو برازایەی مام جەلال باسیشی لەوە کرد کە لەگەڵ ئەوەدا نییە بۆ شتێک بگەڕێنەوە کە ”هیچ بنەمایەکی نییە“ و گوتی: ”ئێمە لە کوێ و بەنی ئەسەد لە کوێ؟ ناکرێت ھەر کەسێک لە خۆیەوە قسەیەک فڕێ بدات و ھیچ بەڵگەیەکیشی لەو بارەوە نەبێت، ئێمە کوردین و بنەماڵەیەکی کوردپەروەرین، بۆ خۆمان بچووک بکەینەوە و بۆ خۆمان بەکەم بزانین؟ بۆ ڕەچەڵەک بۆ خۆمان دروست بکەین؟“.
شێخ عەلی تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە: ”ھەر کەسێک قسەیەک دەکات بۆ موجامەلەی ئەملا و ئەولا بەناوی بنەماڵەی تاڵەبانییەوە، ئەوە زۆر خراپە".
باسنیوز
