دۆسکی: حەشدی شەعبی دەیەوێ دەستێکی ئیقلیمی بۆ دەڤەری شنگال راکێشێ

دۆسکی: حەشدی شەعبی دەیەوێ دەستێکی ئیقلیمی بۆ دەڤەری شنگال راکێشێ
چاودێری سیاسی (خالد دۆسکی) دەڵێ، مەرامی حەشدی شەعبی لە دەڤەری شنگالدا ئەوەیە کە دەستێکی ئیقلیمی رابکێشێتەوە دەڤەرەکە و شەڕ و پێکدادان دروست بکات.
(خالد دۆسکی) چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، "حەشدی شەعبی چەندە جێگەی مەترسین بۆسەر پێکھاتەیەکی عێراق، هێندەی دیکە مەترسین بۆسەر خودی دەوڵەتی عێراق و ئەم دەوڵەتە بەدەستی خۆیان دەخەنە باری هەڵوەشاندنەوە و لێکترازان و سەرهەڵدانی شەڕی مەزهەبییەوە. باوەڕم وایە حەشدی شەعبی مەترسییەکانی لە مەترسی گروپێکی توندڕۆی وەک داعش کەمتر نییە، چونکە پڕۆژە و سرووشتی حەشدی شەعبی زۆر دوورنییە لە پڕۆژە و سرووشتی گرووپی تیرۆریستی داعش، لە ئایندەیەکی نزیکدا دوای نەمان و شکستی داعش لە عێراقدا رووی راستەقینەی حەشدی شەعبی و گروپەکانی دیکەی نێو عێراق دەردەکەوێ و زەرەرمەندی یەکەمیش ئەو کورد و ئێزدیانە دەبن کە خۆیان کردووتە پاشماوەی حەشدی شەعبی و چوونەتە رێزی ئەو گروپانەی سەر بە حەشدی شەعبین لە ناوچەکە دا.

لەبارەی مەترسی حەشدی شەعبی بۆسەر داھاتووی شنگالیش (خالد دۆسکی) روونی کردەوە، لەڕووی جیۆگرافییەوە دەڤەری شنگال بۆ حەشدی شەعبی گرینگی خۆی ھەیە و دەیانەوێ لەو ناوچەیەوە پیلانەکانیان بپێکن، ئەویش بۆ جێبەجێکردنی پیلانی دەوڵەتی شیعی داھاتوو لە ناوچەکە دا، نزیکبونەوەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ شنگال لە ئایندەدا شنگال دەکاتە گۆڕەپانی بەریەکەوتنی ھێزە مەزھەبییەکان لە لایەک و ھێزە ئیقلیمی و ناوخۆیەکان لە لایەکی دیکەو، هەڵبەت دەیانەوێ دەستێکی ئیقلیمی بۆ ناوچەکە رابکێشن.
ئاماژەیشی دا، "لە هاتنی حەشدی شەعبی و چەند هێزی دیکەی هاوشێوەیان زیانی گەورە و یەکەم بە خەڵکی شنگال خۆیان دەکەوێت، بۆیە پێویستە کوردانی ئێزدی لە ناوچەکەدا یەکگرتووبن و پاڵپشتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن تا ناوچەکانیان پارێزراوبێ و چیدی کارەساتی دیکەیان بەسەردا نەیەت.
kdp-
Top