مەخمووری: راگەیاندنی سەربەخۆیی دوا چارەی نێوان هەولێر و بەغدایە
(غەفوور مەخمووری)، سکرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، "ھەرلە دێرزەمانەوە ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان کێشەی سنوور و خاکمان لەگەڵ حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ھەبووە و سەرچاوەی کێشەکانی ئێستاش ھەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەداخەوە حکوومەتەکانی پێشووی عێراق بە ئێستایشەوە ئامادەنین ددان بە سنووری راستەقینەی کوردستاندا بنێن ئەوەش بووەتە گرێی زۆربەی کێشەکانمان لە چوارچێوەی عێراقدا تا کێشەی خاک لەنێوان ئێمە و دەوڵەتی عێراقدا ھەبێت کێشەکان ھەر بەردەوام دەبن.
(مەخمووری) دەشڵێ، " چارەکردنی ھەموو کێشەکانی ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان پێوەستە بە پرسی سەربەخۆیی کوردستانەوە، چونکە پێموایە بە دروستکردنی کیانێکی سەربەخۆ کۆتایی بە ھەموو کێشەکانمان لە چوارچێوەی عێراقدا دێ، پێویستە لایەنە سیاسییەکان لەم قۆناغەدا ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و پەلە بکەن بۆ چارەکردنی پرسە نیشتیمانی و چارەنووسازەکان بیر لەوە بکەنەوە جلی کوردایەتی بپۆشن نەک جلی حزبایەتی، بەداخەوە پەرش و بلاوی ھێزو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن ھێزە نەیارەکانی ھەرێمی کوردستانەوە وەک دەرفەت بینیویانە بۆ ئەوەی پەلامارمان بدەن، لەبەر ئەوە پێویستە ھەرچی زووە لایەنەکان بەسینگێکی فراوانەوە بەرەو رووی چارەکردنی کێشەکان و بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکانەوە بێن.
kdp-
