"هونەرێكی دەگمەنە دەنێو ئەو هەموو فڕوفێڵ و فاقەی دونیای سیاسەتبازەكاندا رۆحی رەسەنی خۆت نەدۆڕێنیت"
شێرزاد حه‌سه‌ن نووسینێكی له‌باره‌ی كه‌سایه‌تی عه‌زیز محه‌مه‌ده‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێ من لەهەموو ژیانمدا دووجار بەختم هەبوو كە بە دیداری هێژاو مامۆستا‌م " عەزیز محەمەد" شاد بووم، بەڵام ئەوەی سەرسامی كردم ئەو رۆحە گەرمەی مامۆستایە، دەمولەبزی زێدە شیرینی، دانەمانی بۆهەر قسەو بابەتێك كەخولیاو خەمی هەموومانە، بەڵام عاشقە ژیان و خەندە لێو. من بۆخۆم دەنێو كارەكتەرە سیاسەتكارەكاندا هیچ كەسێكیانم، لەلا پەسند نەبووە، یان هەرگیز منێی ئەوەم نەكردووە بچمە دیوەخانەكەی كە لەوێدا وەك دەمڕووتێك بەخێرهاتنم بكات، بەڵام رۆحی رێزبار" عەزیز محەمەد "لەقوڕێكی زۆر پاكتر خوڵقاوە، كەوایكردووە خەسڵەتی یەكەمی ئەو پیاوە بێ لاف و گەزافە: وەك خاك بۆهەمووان كراوە بێت، چونكە متمانەی بەخۆیەتی، كە چەندە رەسەن و ئاكاردارو رۆحپاكە.
نووسیویه‌تیشی نایشارمەوە كه پێم سەیر بووە تاهەنووكەش كەمامۆستا چۆن دەنێو گەمە چەپەڵەكانی رامیاریدا وەها ساغڵەم لێیدەرچووە، رۆحی سەدەف ئاسای دەنێو ئەو زەلكاوی سیاسەتبازییەدا پیس نەبووە، ئەوەش هونەرێكی دەگمەنە دەنێو ئەو هەموو فڕوفێڵ و فاقەی دونیای سیاسەتبازەكاندا رۆحی رەسەنی خۆت نەدۆڕێنیت، بەڵام دیارە وەك عیسای مەسیح زانیویەتی كە" چەندە بێسوودە هەموو دونیا ببەیتەوە، گەر نرخەكەی دۆڕانی رۆحی خۆت بێت!".
له‌په‌یامێكیشدا كه به‌بۆنه‌ی كۆچیی دوای عه‌زیز محه‌مه‌ده‌وه بڵاویكرده‌وه مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌مشێوه‌یه باسی له كه‌سایه‌تی ناوبراو كردووه " مامۆستا عەزیز محەمەد مرۆڤێكی تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرێكی مەزن و دۆستی نزیكی بارزانیی نەمر بوو. شوێندەستی مامۆستا عەزیز محەمەد لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەمان دیارە. دۆستایەتیی و نزیكیی مامۆستا عەزیز محەمەد لەگەڵ بارزانیی نەمر ڕۆڵی هەبووە لە پەیوەندیی باشی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كە قۆناغێكی گرنگی مێژووی گەلەكەمانە".
ڕۆژی(31-5-2017) عه‌زیز محه‌مه‌د سیاسه‌تمه‌داری كورد و سكرتێری پێشووی حیزبی شیوعی عێراق له‌ته‌مه‌نی 93 ساڵیدا كۆچیی دوایی كرد.
باسنيوز
