نەدا مێرگەسۆری: ئەڵمانیا پشتگیریی بۆ پێشمەرگە دووپات کردەوە

نەدا مێرگەسۆری: ئەڵمانیا پشتگیریی بۆ پێشمەرگە دووپات کردەوە
شاندێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی ئەڵمانیای کرد و نوێنەری کورد لەو شاندەدا سوپاسی خەڵکی کوردستانی گەیاندە ئەڵمانیا و دەشڵێت، ئەڵمانیا دووپاتی کردەوە کە پشتیوانی لە پێشمەرگە و گەلی کوردستان دەکات.

(نەدا مێرگەسۆری)، کە لە شاندەکەدابوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە لایەن شاندەکەوە سەردانی سێ ناوەندی تەشریعیی ئەڵمانیا کراوە، لەوانە پەرلەمانی ناوەندی و ئەنجومەنی بەرلین و پەرلەمانی خۆجێی. لەوێ بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە سوپاسی ئەڵمانیا کرا، بۆ ئەو هاوکارییەی بە کوردستانی داوە، بەتایبەت لە شەڕی داعشدا چەکی میلانی داوەتە دەست هێزی پێشمەرگەی کوردستان؛ باسی قارەمانەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش بۆ هەرسێ ناوەندە تەشریعییەکەی ئەڵمانیا کرا، بەتایبەت کە توانیویەتی ١٥٠٠ کیلۆمەتر سنووری خۆی بپارێزێت، ئەڵمانییەکان زۆر دڵخۆش بوون بە سەرکەوتنی پێشمەرگە، چەند جارێکیش دووپاتیان کردەوە، کە پشتیوانی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستانن.''

(نەدا مێرگەسۆری) گوتی: ''داوامان لە ئەڵمانیا کردووە لە پشتیوانییەکانیان بۆ پێشمەرگە بەردەوام بن، ئەوانیش باسیان لەوە کرد کە دوای شەڕی داعشیش هەماهەنگیی کوردستان و ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت، ڕەنگە لەو چوارچێوەی ئێستا فراوانتریش بێت، هاوکات داوامان کرد، کە یارمەتیی ئاوارەکانی شەڕی مووسڵیش بدرێت.''

(مێرگە سۆری) دەشڵێت: ''ئەڵمانییەکان جەخیتان لە پێکەوەژیان دەکردەوە، ئێمەش پێمان گوتن، کە لە کوردستان ئازادیی ئایینی و پێکەوەژیان هەیە و دەتوانن نموونەکەی بە چاوی خۆتان ببینن.''
kdp-
Top