سەرکردەیەکی پارتی: لایەنی عێراقی سەرپشک دەکەین بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکەی هۆشیار زێباری
نووری حەمەعەلی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کاتی خۆی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە بارزانی کرد بەربژێرێکی هەبێت بۆ پۆستی وەزیری دارایی، بەڵام دیارە بەو عەقڵیەتەی بەغداوە ناتوانرێت هیچ شتێک بکرێت ئەو پۆستە هی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەڵام بەلامانەوە گرنگ نییە، چونکە تۆڵەیەکی سیاسی و بێ ویژدانیان بەرانبەر بە هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق کرد".
گوتیشێ: "لایەنی عێراقی سەرپشکن بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە و تا ئێستاش بە بەتاڵی ماوەتەوە، بەلای ئێمەوە پۆست گرنگ نییە، گرنگ ئەویە شەراکەتی راستەقینە جێبەجێ بکرێت و دواتر پۆست".
هاوکات د. عەرەفات کەرەم، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی وێنەرانی عێراق گوتی: "ئەو پۆستە وەک خۆی ماوەتەوە و پارتی پێی وایە شەراکەت لە پۆست گرنگترە، حزب هەیە چوار کورسی هەیە، پۆستی باڵای پێدراوە، واتە جۆرێک لە نایەکسانی و ناهاوبەشی سیاسییش هەیە".
باسنیوز
