سەعدی ئەحمەد پیرە: مالیکی توانای سەربازیی ھەرێمی کوردستان دەزانێت

سەعدی ئەحمەد پیرە: مالیکی توانای سەربازیی ھەرێمی کوردستان دەزانێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە کورد دەمێکە ھەڕەشەی لێ دەکرێت و ھیچ نەماوە بەرامبەری نەکرێت، مالیکیش توانای سەربازیی ھەرێمی کوردستان دەزانێت.



سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیاند: "کورد دەمێکە ھەڕەشەی لێ دەکرێت، ھیچیش نەما بەرامبەری نەکرێت، بۆیە ھەڕەشەکانی مالیکی لە جێی خۆیدا نییە، ئێمە گورگمان دیت و نەشترساین، بۆیە نوری مالیکی توانای ھێزی سەربازیی ھەرێمی کوردستان دەزانێت، لە داھاتووشدا ئەوەی پەیوەندی بە مافی میللەتی ئێمەوە ھەبێت، بەرگری لێ دەکەین".



ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ئەوەشی خستەڕوو: "پێشتر مالیکی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووە، دەزانێت لەڕووی یاساییەوە مافی چارەی خۆنووسین، یان دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ، مافێکی سەلمێنراوە و لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە شەرعییەتی پێ دراوە و پاڵپشی لەو جۆرە مافە دەکرێت، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە پێموایە ئەو گفتوگۆیانەی لە ھەرێمی کوردستان لەسەر پرسی ڕیفراندۆم کراوە، تێدا ڕێگای سەربازی ڕەت کراوەتەوە".



پیرە، بە پێویستیشی زانی: "حکوومەتی ھەرێمی کورستان بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات، لە ھەمان کاتدا لەسەر قسەکانی، داوای ڕوونکردنەوە لە مالیکی بکەن، چونکە پەیوەندیەکانی ئێمە و ئایندەی ئێمە لە بارودۆخێکی ھەستیار دایە، بەرگەی ھەڕەشە و گوڕشە ناگرێت".



لە دوایین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئەخباریە)ی لوبنانی، نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، بە توندی ھێرشی کردووەتە سەر مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و دواتریش باسی ئەوەی کردووە کە بارزانی دەیەوێت دەوڵەتی کوردستانی گەورە دروست بکات، بۆیە ھەڕەشەی بەکارھێنانی ھێزی لەبەرامبەر ھەرێمی کوردستان کردووە.
bas news-
Top