عەزیز محەمەد کەسایەتیی سیاسیی کوردستان کۆچی دوایی کرد

عەزیز محەمەد کەسایەتیی سیاسیی کوردستان کۆچی دوایی کرد


عەزیز محەمەد، کەسایەتیی سیاسیی کوردستان و سکرتێری پێشووتری حزبی شیوعیی عێراق، کۆچی دوایی کرد.



هندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان، ڕاگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 31/5/2017، عەزیز محەمەد، کەسایەتیی سیاسیی کوردستان و سکرتێری پێشووی حزبی شیوعیی عێراق کۆچی دوایی کرد.



عەزیز محەمەد لە ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، لە گوندی (بێرکۆت) کە ئێستا گەڕەکێکی شاری هەولێرە، لەدایک بووە و لە ساڵی 1946 بووەتە ئەندامی حزبی شیوعیی عێراق و لە ساڵی 1964 تا ساڵی 1993 سکرتێری ئەو حزبە بووە. یەکێک بووە لە سەرکردە دیارەکانی بەرەی کوردستانی کە سەرپەرشتیی ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی گەلی کوردستانیان کردووە.



عەزیز محەمەد لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2015 لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە میدالیای (بارزانیی نەمر)ی پێ بەخشراوە و لە ئاستی جیهانیشدا خەڵاتی (لینین)ی پێ بەخشراوە و لە دوای نیڵسۆن ماندێلا، دووەمین کەس بووە کە میدالیای (ئەستێرە گەشە)ی کیشوەری ئاسیا و ئەفریقیای لە ساڵی 2007 لەلایەن ڕووسیاوە پێ بەخشراوە.



عەزیز محەمەد لە ساڵانی نێوان 1948 تا سەرکەوتنی شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958، لە زیندانەکانی ڕژێمی پاشایەتیی عێراقدا زیندانی کراوە.

bas news-
Top