د.سیروان ئەحمەد: هەڵەکانی مالیکی داعشی دروست کرد
(د. سیروان ئەحمەد قادر)، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و مامۆستای ئاینی، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''(نووری مالیکی) چۆن زات دەکات بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە بڕیار لە چارەنووسی خەڵکی کوردستان بدات، ئەو بووە هۆکاری ماڵوێرانیی گەلی کوردستان و هەمان سیاسەتی ڕژێمی پێشووی عێراق دووبارە دەکاتەوە. لێرەوە من ناگەڕێمەوە بۆ ڕابردوو و ڕاستەوخۆ دێمە سەر ساڵی 2014، كە (نووری مالیكی) بوودجە و مووچەی كوردستانی بڕی و پاشانیش داعش سەری هەڵدا و مووسڵی داگیركرد و دوای ئەویش هێرشیان كردە سەر كوردستان، ئەمانە هەمووی دەرهاویشتەی سیاسەتە هەڵەكانی بەغدان، كە ڕەنگدانەوەی نەرێنیی لەسەر كوردستان درووست كردووە، تەنانەت درووستبوونی داعشیش دەرهاویشتەی ئەو سیاسەتە هەڵانەی (نووری مالیكی) بوو، كە لە بەرامبەر سوننەدا پیادەی دەكرد.''
(د. سیروان ئەحمەد قادر) گوتی: ''بە هەرحاڵ كوردستان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووی شەڕی دژی داعشدا بە درێژایی سنوورێكی پتر لە 1000 كیلۆمەتر شەڕی مان و نەمانی لە دژی تیرۆریستان كردووە و زیاتر لە 11 هەزار پێشمەرگەی شەهید و بریندارمان هەیە. هەروەها ئەو كارەساتە گەورەیەی بەسەر كوردانی ئێزدی هات و ژن و كچەكانیان ڕفاندن و كردیانن بە كۆیلە، كە هیچ شەرع و یاسایەك قبووڵی ناكات، دەبێ بزانین ئەم شەڕە (مالیكی) بۆی درووست كردین و هەر ئەو بوو، كە مووسڵی تەسلیمی داعش كرد، ئەم قسانەی دەیكەم، هەر هەموویان لەو دۆسیانەدا هەن، كە ئێستا لە بەردەم دادگای عێراقدا هەن.''
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: ''بەداخەوە هەندێك كەس، كە بە كوردی قسە دەكەن و باس لە پارێزگاریكردن لە یەكپارچەیی عێراق دەكەن، سوودمەند بوون لەو نەهامەتییانەی بەسەر كورد و كوردستاندا هاتووە و كاتێكیش سوودمەند بووبن، ئەوا بێ گومان بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەكەن، ئێستا نیزیكەی 1-2 ملیۆن فەرمانبەر لە كوردستان، كە مووچەكانیان لە بەغدا بڕاوە و ماوەی سێ ساڵە بەو مووچەیە خۆیان بەڕێوە دەبەن، كە حكوومەتی كوردستان بۆی دابین كردوون، كە ڕێژەكەی لە نیوەش كەمترە. ئاخۆ قەت بووە دەوڵەتێك مووچەی فەرمانبەرانی خۆی ببڕێت؟ ئەگەر ئێمە سەربەخۆ بووینایە و خاوەنی ئابووریی خۆمان بووینایە، هەرگیز بەغدا نەیدەتوانی مووچەی فەرمانبەرەکانمان ببڕێت.''
(د. سیروان ئەحمەد) دەشڵێت: ''ئەگەر ئێمە سەربەخۆ بووینایە، (نوری مالیكی) هەرگیز نەیدەتوانی بە ناوی فەرماندەیی دیجلەوە هۆزەكانی كەركووك و دیالە پڕچەك بكات، بۆ ئەوەی كەركووك و كوردستانی پێ داگیر بكاتەوە، كە پاشانیش ڕێ نەدرا ئەو هێزە بێتە ناو كەركووكەوە.''
kdp-
