سەرکردەیەکی یەکێتی: بارزانی لە جیاتی ھەموو کورد وەڵامی مالیکی دایەوە
لە دوایین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئەخباریە)ی لوبنانی، نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، بە توندی هێرشی کردووەتە سەر مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دواتریش باسی ئەوەی کردووە کە بارزانی دەیەوێت دەوڵەتی کوردستانی گەورە دروست بکات، بۆیە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان کردووە.
لە بەرامبەر ئەو قسانەدا حامیدی حاجی غالی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند: ”ئەرێ مەسەلەی مالیکی دووبارە چی بووە؟ ھەم دیسان دەیەوێت خەتاکانی بەسەر گەلی کوردستانی فەقیر بسڕێتەوە؟ بودجە و قووتی خەڵکی کوردستانیان بڕیوە، ئێستاش واز ناھێنن؟ ئەم ھەڕەشە و گوڕەشەیەی لە چییە؟ لە پێناوی چی؟“.
سەرکردەکەی یەکێتی ڕاشکاوانە ئاماژەی بەوە کرد: ”بەخوا باش بوو بارزانی وەڵامێکی کەمەرشکێنی دایەوە، قسەی بارزانی قسەی دڵی کورد بوو کە نایانە سەر دڵی مالیکییەوە، خۆزگە تۆزێک توندتر لەگەڵیان قسەیان دەکرد، جا ئەو کاتە زاتی ئەوەی نەبوو باسی کوردستانیش بکات".
حامیدی حاجی غالی ئەوەی دووپات کردەوە کە پێشمەرگە پارێزگاری لە ھەموو کوردستان دەکات و ھەزاران شەھید و برینداری داوە، ئەویش لە پێناو ڕزگاربوون لەو دۆخەی کە بەهۆی ”سیاسەتێکی ھەڵەی مالیکییەوە“ هاتووەتە ئاراوە، گوتیشی: ”بەم حاڵەشەوە ئێستا مالیکی دەیەوێت تەحەدامان بکات؟“.
باسنیوز
