مامۆستایانی زانکۆ: گرینگە یوئێن و ئەمەریکا و ئەنجومەنی ئاسایش نوێنەریان لە ڕیفراندۆمدا هەبێت
(ئیبراهیم حاجی ساڵح)، سهرۆكی بهشی ڕاگهیاندنی پهیمانگای تهكنیكی كارگێریی ههولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بە چەند قۆناغێکی سەرەکیدا تێپەڕی، لە ڕووی مێژووییەوە ناسراون، بەڵام لە سێ قۆناغی دواییدا، یەکیان قۆناغی دوای ڕاپەرینە، ئێمە لە کوردستان لە قۆناغی ئازادیدا بووین، دواتر قۆناغی سیستەمی فیدراڵی بوو، قۆناغی دوای ئەوە، قۆناغی پرۆسەی ئازادکردنی عێراقە لە ٢٠٠٣، ئەو کاتە دەرگای دنیا بەسەر هەرێمی کوردستاندا کرایەوە، ئەزموونمان زیاتر بوو، قۆناغی دواتر شەڕی داعش بوو، کە بۆ ئێمە قۆناغێکی وەرچەرخان بوو، لەوەی قەزییەکەی خۆمان فراوان بکەین، یەکێک لە دواهەنگاوەکان پرۆسەی سەربەخۆییە، ئێستا دەچینە قۆناغی ڕیفراندۆمەوە، ئێمە وەک نەتەوە هەموو هەنگاوەکانمان بڕی، بۆیە لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە، هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ عێراق نەماوە، پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ عێراق زیاتر چەد وەرەقەیەکی یاساییە، ئەو لینکانەی لەگەڵ عێراقدا هەمانبوون، خۆیان لاواز بوون، ئێستا بەرەو لاوازتریش دەچن، بۆیە گرینگە لە کوردستان خۆمان یەکلا بکەینەوە، بڕیاری خۆمان بدەین، کە هەنگاوی داهاتوومان چییە.''
(ئیبراهیم حاجی ساڵح) گوتی: "ئەم ڕیفراندۆمە کە شێوەیەکی یاسایی شەرعیی هاوچەرخە، نەتەوەکان یان میللەتان خۆیان بڕیار دەدەن، چیان دەوێت بۆ داهاتووی خۆیان، ئەگەر چاوەڕوان بکەین، ئەم وڵات و ئەو وڵات ڕازی بکەین، ئەوە دەبێت چاوەڕێ بکەین تا ١٠٠ ساڵی دیکە، بۆیە گرینگە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو پرۆسەیە بەڕێوە بچێت، هەنگاوی دیکەش هەیە، بەڵام گرینگی ڕیفراندۆم لەوەدایە، کە کارتێکی یاساییی شەرعی دەداتە دەست دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان، کە دواتر گفتوگۆ بکات لەسەر پرۆسەی سەربەخۆیی، بۆیە گرینگە کۆدەنگی لەسەر ئەو پرسە لە کوردستاندا پەیدا ببێت.''
ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەشڵێت: ''خەڵک چۆن ئازادیی خۆی ڕەت دەکاتەوە؟ ئەو کاتەی ببینە دەوڵەت پرۆسەی ڕەخنە و ئۆپۆزیسیۆن تۆکمەتر دەبێت، تۆ سەیری بکە وڵاتێک گرفتی سیاسی هەیە، لەبەر ئەوەی وڵاتە و ئاڵای و کیانی هەیە، بەڵام چونکە دەوڵەتە لە ماویەکی دیاریکراودا، ماوەی مانگێک، یان کەمتر، زیاتر لە قەیرانەکە تێدەپەرێت، دواتر چارە دەبێت، بەڵام کوردستان لە قۆناغی ڕاگوزەرە، زۆر گرینگە بەسەرکەوتوویی لەم قۆناغە بپەڕینەوە، ئەم وڵاتە بۆ هەمووان دروست دەبێت و ڕێی خۆیشی دەگرێت.''
(ئیبراهیم حاجی ساڵح) ئاماژەیشی دا: "ئێمە کە بووینە دەوڵەت، لە دڵەڕاوکێ ڕزگار دەبین، پێ دەنێینە سەر زەوییەکی ڕەق و خۆمان دەچەسپێنین و ڕەنگە جیاوازییەکان ببنە پشتیوانی بۆ پرۆسەکە، دەبێ حزبەکان بێنە سەر مێزی گفتوگۆ ڕیفراندۆم سەر بخەین، ئەگەر ئەمساڵ نەکرێت، نازانین ناوچەکە چی بەسەر دێت، ناوچەکە لە پرۆسەیەکی گۆڕانکاریدایە و دەبێت سوود لەم پێگەیەی خۆمان وەربگرین، بەتایبەت دوای شەڕی داعش، چونکە عێراق لە قەیراندایە و کوردستانیش لە سەریەتی ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی بەڕێوە ببات.''
هاوکات (سیروان حەمە شەریف)، مامۆستای زانکۆی سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''یەک سەدە بەر لە ئێستا، کە کۆمەڵەی گەلان بڕیاری دا بۆ چارەکردنی کێشەی ویلایەتی مووسڵ بگەڕێنەوە بۆ ڕای خەڵکی ناوچەکە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی خۆیان. ئێستاش کە گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندیی کورددان، بۆ میللەتی کورد نەک هەر ئاساییە بگەڕێتەوە بۆ ڕاپرسی، بگرە دەبێ لە پێشینەی کارەکانی بێت.''
(سیروان حەمە شەریف) دەڵێت: ''کاتێ سەرکردایەتیی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ پرسکردن بە ڕای خەڵک، ئەوا زیادەڕۆیی نییە بڵێین لە لووتکەی هەرەمی دیموکراسیدا ڕیفراندۆم جێی بۆ خۆی داناوە، چونکە دەسەڵات لە گەلەوە دەدرێت بە دەسەڵاتداران.''
ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەشڵێت: ''گەر بمانەوێت دوور بکەوینەوە لە سۆزداری و، عاقڵانە بڕیار بدەین، ئەوا ئەو پارتانەی داوای گەڕانەوە بۆ پرسکردن بە خەڵک دەکەن، بەدەر لەوەی گەڕانەوەی ڕاستی بۆ گەل دەخەنە بواری کردەوە و پراکتیکەوە، بۆ خۆیشیان پشتئەستوورن بە پشتیوانی و پشتگیری لەلایەن شەقامەوە و پێچەوانەکەیشی ڕاستە و، لە متمانەی خەڵک بەگومانن بەرامبەر خۆیان. بۆیە باشتر وایە هەموومان پشتگیری لە ڕاپرسی بکەین، بۆ ڕەواندنەوەی گومان و تێبینییەکان.''
(د. کەیوان ئازاد ئەنوەر)، مامۆستای زانکۆی سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە ماوەی ڕابردوودا لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش و ئیدارەی ئەمەریکاوە بە شێوەی جۆراوجۆر باسی ڕیفراندۆم کراوە و لە هەرسێ ئاستدا جۆرێک لە نیزیکبوونەوەی گوتاریان هەبووە و جەخت لەوە کراوەتەو، کە کاتی ڕیفراندۆم دیاری بکرێت، یان گوتوویانە هەموو ئامادەکارییەک تەواو بووە تەنیا دیاریکردنی کات ماوە، ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە پرسی ڕیفراندۆم گەیەندراوەتە سێ ئاستی باڵا، کە بڕیاری جیهانیان بەدەستەوەیە.''
(د. کەیوان ئازاد ئەنوەر) گوتیشی: ''هەندێ پرس هەن دەبێ یەکلا بکرێنەوە، لەوانە پرسی ڕیفراندۆم، کە بڕیارە ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، هاوکات دەبێ کورد بۆ ستراتیژیی داهاتوو دەرگایەکی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا بدۆزێتەوە و کاری هاوبەش بکرێت، چونکە لە داهاتوودا کاری هاوبەشی ئەمەریکا و کوردستان زۆرتر دەبێت، بەتایبەت دوای یەکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی هاوپەیمانان و ئەمەریکا، هاوکات گرینگە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا و ئەنجومەنی ئاسایش بکرێت، نوێنەری خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دیاری بکەن.''
kdp-
