چاودێران: نابێت چی دیكە كورد چاوەڕوانی بەغدا بكات
(ئازاد محەمەد)، چاودێری سیاسی لە سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەیەكی بەهێزی هەیە و ڕۆژ بە ڕۆژیش ئەو پێگەیەی بەهێزتر دەبێت، ئەوەش هەمووی بۆ دیپلۆماسیی (سەرۆك بارزانی) دەگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كێشە ناوخۆییەكان وەلاوە بنێن و سوود لەو دەرفەتە وەربگرن، بۆ ئەوەی سەرۆكی هەرێم، هەرێمی كوردستان بگەیەنێتە كەنارێكی ئارام.''
(ئازاد محەمەد) گوتیشی: ''ڕیفراندۆم نابێ بەبێ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بكرێت، بەڵكو دەبێ لە هەموو ناوچەكان بكرێت، چونكە خەڵكی ئەو ناوچانەش بە پەرۆشن بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم لە ناوچەكانیاندا بکرێت و ئەو ناوچانەش بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، بۆیە دەبێ هەرچی زووە ڕۆژێك بۆ ڕیفراندۆم دیاری بكرێت و لەم چەند مانگەدا كۆتایی بەو پرسە بێت و ئەو پرسە بە دەنگی خەڵكی كوردستان یەكلا بكرێتەوە.''
(هۆزان خۆرشید)، چالاكی بواری سیاسی، ئەویش لە سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''ڕیفراندۆم گرێ دراوە بە ئیرادەی خەڵكی كوردستانەوە، خەڵكی كوردستان ئەو پرسە یەكلا دەكەنەوە، نەك هیچ هێز و لایەنێكی دیکە. هەروەها بۆ ڕزگاربوون لە كێشە و ناخۆشییەكان دەبێ بڕیاری سەربەخۆیی بدەین، چونكە هەرچەندی لەگەڵ عێراق بین، جگە لە ناخۆشی و دەربەدەری هیچی دیكەی لێ بەرهەم ناهێت، بۆیە هەرچەندی زووتر بڕیاری خۆمان بدەین، هەرباشە، بۆ ئەوەی لە كێشە و ناخۆشییەكان بەدوور بین.''
(د. ساڵح فەرسەت)، چاودێری سیاسی لە دهۆك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''لە دوای ڕزگاركردنی عێراق لە دەست ڕژێمی بەعس، كورد زۆر هەوڵی دا بە دانوستاندن كێشەكانی خۆی لەگەڵ بەغدا چارە بكات، بەڵام ئەوان نەیانویست كێشەكان چارە بكەن، بەڵكو بەردەوام هەوڵیان دا، كێشە بنێنەوە، وەك ئەوەی ئێستا دەبینین، كە بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانیان بڕی، پێملی ڕێككەوتنەكان نابن، هێز ڕەوانەی ناوچە كوردستانییەكان دەكەن، وەك ئەوەی ئێستا حەشدی شەعبی لە سنووری شنگال دەیكات، بۆیە كورد چەند نەرمونیان بێت، ئەوان خراپتر دەكەن، بۆیە نابێت چی دیكە كورد چاوەڕوانی بەغدا بكات، بەڵكو دەبێ لە ناوخۆدا یەكگرتوو بێت، بۆ ئەوەی بەسەر كێشە و گرفتەكاندا زاڵ بێت و بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات و سەربەخۆییی خۆی ڕابگەیەنێت، بۆ ئەوەی خەبات و قوربانیدانی گەلی كورد بەفیڕۆ نەچێت و لەو ناخۆشییانە ڕزگار بێت، كە حكوومەتی عێراق بە درێژایی مێژوو بەسەر گەلی كوردیدا هێناوە.''
kdp-
