ڕاگەیاندراوێك لە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمى كوردستانه‌وه‌

 ڕاگەیاندراوێك لە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمى كوردستانه‌وه‌
فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێم، ڕاگه‌یاندراوێك له‌ باره‌ى دۆخى شنگال و ڕۆڵى حه‌شدى شه‌عبى له‌و ناوچه‌یه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا، هاتووه‌ :" لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا قسە و باسی زۆر لەبارەی ڕۆڵی حەشدی شەعبی لە ناوچەكە و دەوروبەری شنگال لە میدیاكاندا كراوە و خوێندنەوەی جۆراوجۆر و لێدوانی نابەجێیش خراوەتەڕوو".

بەپێویست زانراوه‌، ئەوە ڕوون بكەنەوە، كە :" سیاسەتی هەرێمی كوردستان تێكشكاندنی داعش و لەناوبردنی بووە".

هەر لەم چوارچێوەیەیشدا، جه‌خت ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ بە ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و ئەمەریكا پلانی بۆ داڕێژرا و هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەركەوتووانە ڕۆڵی لەو ئۆپڕاسیۆنەدا گێڕاوە و پابەندیش بووە بە خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ هەر بەپێی ئەو ڕێككەوتنە مانەوەی پێشمەرگە لەو شوێنانەی پێشمەرگە بە خوێن و قوربانیدان ڕزگاری كردووە لە سنووری پێش 17ـی 10ـی 2016 كە ڕۆژی دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی مووسڵە، یەكلایی بووەتەوە و بە هیچ شێوەیەك جێگەی موناقشە نییە.

جه‌خت ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ لەبارەی بڕیاری مانەوە یان نەمانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانەی لە دوای ئەو ڕێكەوتە لە لایەن پێشمەرگە ئازاد كراوە، پێویستە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی تازە بێت كە هەموو لایەنەكان لەسەری ڕەزامەند بن و ئاساییشی هاووڵاتیان و پێكهاتەكان پارێزراو بێت و بە بڕیاری لایەنێك ناكرێت.

فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێم، له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌یدا، نووسیویه‌تى :" لەبارەی ئۆپەراسیۆنی ڕۆژئاوای مووسڵ و تەلعفەر و شنگال لە هەندێ شوێندا خەرقی ڕێككەوتنەكان كراوە، لەگەڵ ئەوەیش هەتا داعش مابێت ئامانجمان نەهێشتن و لەناوبردنی داعش دەبێت بەڵام ئەگەر بە خەیاڵی هەندێ كەسی ناو حەشد و چەند كوردێكی نیشتیمانفرۆش شەڕی داعش لەو دەڤەرە ئیستغلال بكرێت بۆ دروستكردنی كێشە بۆ دانیشتوانی ناوچەكە و پێشمەرگە و زێدەڕۆیی بەسەر خاكی كوردستان ئەوە بە هەموو ئەو دەنگە نەشازانە ڕادەگەیێنین كە هیچ هێزێك ناتوانێ و بۆی نییە بێتە ناو خاكی كوردستان و ئەوەیشی حەزی لێیە با خۆی تاقی بكاتەوە و سەریان بە شاخەكانی كوردستان دەكەوێت.

لەبارەی چارەنووسی شنگالیش تەنیا خەڵكی شنگال بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدەن و ڕێگە نادرێت لایەنی تر بڕیاریان بەسەردا بسەپێنێت. (وه‌ك له‌ كۆتایی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌).












باسنیوز
Top