سلێمانی.. 16 کەس بە تۆمەتی دزی دەستگیر دەکرێن
ئەمڕۆ چوارشەممە 24/5/2017، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)دا بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە لە سلێمانی 16 کەس بە تۆمەتی دزی و بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کراون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە چوار لە تۆمەتبارەکان بە ڕەگەز عەرەبن و 10 ھەزار دۆلاریان لە ھاووڵاتییەک بردووە، ئێستاش بەپێی مادەی 446ی یاسای سزادانی عێراقی، بەندن.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ھێما بۆ ئەوەش دەکات، کە لە چالاکییەکی دیکەی ھێزەکانی پۆلیسدا، دوو ئافرەت لە سلێمانی دەستگیر کراون، کە تۆمەتبارن بە دزینی کەلوپەلی ئافرەتان.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش ڕوون کراوەتەوە، کە 10 تۆمەتبارەکەی دیکە، بەھۆی ئەنجامدانی دزی جۆراوجۆرەوە دەستگیر کراون، کە بریتییە لە دزی ماڵان، دزی مۆبایل، دزی ماتۆڕسکیل و سەرجەمیان بەپێی مادەی (444 و 446)ی یاسای سزادانی عێراقییەوە، بەندن.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە لە ڕۆژی 16/5/2017 تا ڕۆژی 22/5/2017، ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی توانیویانە 102 جار بەھانای ھاووڵاتییانەوە بگەن، ھەروەھا دەستیان بەسەر سێ چەکیشدا گرتووە.
باسنيوز
