مەحموود عوسمان: ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی ڕیفراندۆم بکات زۆر گرنگ دەبێت

 مەحموود عوسمان: ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی ڕیفراندۆم بکات زۆر گرنگ دەبێت
سیاسەتمەدار و ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، ئەگەر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکات، ئەوا زۆر گرنگ دەبێت.



مەحموود عوسمان، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند: "بەر لە ھەموو شتێک، یەکڕیزی لە بابەتەکانی دیکە بۆ کورد گرنگترە، ئەگەر یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد نەبێت، ئەوا پرسی کورد لە ھەموو دونیادا باس بکرێت، گرنگییەکی ئەوتۆی نابێت، بەڵام بە ڕێکخستنی ناو ماڵی کورد، دەتوانرێت ھەم ڕیفراندۆم، ھەم ھەرچیمان بوێت، بیکەین".



مەحموود عوسمان پێیوایە، پێویستە پەرلەمانی کوردستانیش کارا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی یاسا دەربکات دواتر خەڵک تانە لە پرسەکە نەدات، دووپاتیشی کردەوە: "یەکڕیزی و چارەسەری کێشەی خەڵک کارا کردنەوەی پەلەمانە".



بە گوتەی ئەو سیاسەتمەدارە کوردە، پرسی ڕیفراندۆم دوو لایەنی ھەیە، لایەنە سیاسییەکەی یەکڕیزیی حزبە کوردستانییەکانە، لایەنێکی دیکەشی کارا کردنەوەی پەرلەمانی کوردستانە و وردە وردە گفتوگۆ کردنە لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکیان لەگەڵدا بکرێت. گوتیشی: ”مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە ئەنجامدانی پرسی ڕیفراندۆم ئاگادار کردووەتەوە، ئامادەبوونی چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە پرسەکەدا هەبێت، زۆر گرنگە“.



لە میانی پێشوازیکردنی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت. هاوکات هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەمساڵ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت.







باسنیوز
Top