لە کەمپی حەسەن شام تیمێکی تەندروستيی خێرخواز 120 نەخۆشیان چارەسەر کرد
لە درێژەی کارە خزمەتگوزرای و مرۆڤدۆستانەیاندا دوێنێ ھەینی 19/5/2017 ھەردوو رێکخراوی ئارینا بۆ ژینگە پارێزی و مرۆڤدۆستی و رامان بۆ گەشەی پێدانی ھونەری و مرۆیی، بە ھاوکاری و ھەماھەنگی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ھەروەھا پاڵپشتی دەرمانی کارگەی دەرمانی ئاوامێدیکا، کەمپی (یۆتۆ) بەشێک لە کەمپی حەسەن شام کە ئاوارەکانی مووسل ڕۆژانە رووی تێدەکەن و تیایدا نیشتەجێ دەبن، بە سەر کردەوە.
بە درێژای رۆژ، تیمی ئەم رێکخراوانە، کە پزیشکی گشتی و تایبەتمەند و پسپۆری نەشتەرگەری بوون، زیاتر لە 120 نەخۆش و برینداریان چارەسەر کرد، کە لە ژن، منداڵ، پیر و پەککەوتەوە و گەنجەوە پێک ھاتبوون.
ھەر لەم رۆژە دوو نەشتەرگەری سووک بۆ دوو منداڵی ئاوارە، کە پێویستیان بە نەشتەرگەری ھەبوو لە لایەن دکتۆر ســۆفیاوە ئەنجام درا .
سینەماکار شیرین جیھانی، سەرۆکی رێکخراوی ئارینا و عیسا مێرگەسۆری، سەرۆکی رێکخراوی ڕامان، خۆبەخشانە و لە سەر ئەرکی خۆیان ئەو پڕۆژەیان ئەنجام دا، کە بووە جێگەی رێز و ستایشی دانیشتووانی کەمپەکە و نەخۆشەکان، ھاوکات ھیوای بەردەوامی بۆ ئەم خزمەتە مرۆڤدۆستانەیان خواست.
باسنيوز
